سەردێڕ:

ڕەوتى حیکمە بە زمانێکی زبر وەڵامی هۆشیار زێباری دایەوە

فۆتۆ: 
2019-04-18

13582 جار خوێندراوەتەوە

دوای ئەوەى هۆشیار زێباری ڕایەگەیاندبوو، ڕەوتی حیکمە و حزبی دەعوە پلانیان بۆ خستنى حکومەتەکەى عادل عەبدولمەهدی داناوە، سەرکردەیەکی ڕەوتى حیکمە بە زمانێکی زبر وەڵامی ناوبراوی دایەوە.

سەلاح عەرباوی سەرکردە لە ڕەوتى حیکمە  لە تویتێکیدا وەڵامی زێباری داوەتەوە و ڕایگەیاندووە، "ئێوە ڕێککەوتنەکەتان لەگەڵ حکومەتی عەبدولمەهدى جێبەجێبکەن و نەوت بدەنە دەستی".

ئەو سەرکردەیە بە هۆشیار زێباری دەڵێت، "پێش ئەوەى خۆت بکەیتە پارێزەری حکومەتەکەى عەبدولمەهدی، ڕۆژانە بڕی ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستى خەزێنەى حکومەتەکەی بکە و داهاتەکەی مەخەنە گیرفانی حزبەکەتانەوە".

ئەم وتانەى ئەو سەرکردەیەش لە دوای ئەوە دێت، هۆشیار زێباری ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی و وەزیری پێشووی دارایی عێراق لە تویتێکیدا بە زمانی ئینگلیزی  هۆشداری دابوو لە جوڵەیەکی نهێنی نێوان ڕەوتی حیکمە و حزبی دەعوە بۆ ڕووخانی حکومەتەکەى عادل عەبدولمەهدی.