سەردێڕ:

پیاوێک ١٢ ساڵ وەک خاوەن پێداویستی تایبەت خۆی دەرخستووە

فۆتۆ: 
2019-04-18

21921 جار خوێندراوەتەوە

بەرپرسانی وڵاتی ئیتاڵیا پیاوێکیان دەستگیرکرد بە تۆمەتی ئەوەی بۆ ماوەی ١٢ ساڵ وەکو کەسێکی توشبوو بە شەلەل خۆی دەرخستووە، تاکو بەخششەکانی وڵات تایبەت بە خاوەن پێداویستییەکان وەربگرێت.

ڕۆبێرتۆ گۆگلیلمی تەمەن ٥٥ ساڵ، توانیویەتی لیژنەی پشکنینی تایبەت بە کەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت هەڵخەڵەتێنێت، ئەویش بە پێدانی بەڵگەنامەیەک کە دەیسەلمینێت شەلەلی هەیە و خاوەن پێداویستیی تایبەتە، تاکو هەموو ئەو بەخشش و سوودانەی یاسای حکومەتی بەریتانیا بۆ کەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت دابینکردووە، بیگرێتەوە.

ڕۆبێرتۆ لەپێناو باشکردنی بارودۆخ و ژیانی خاوەن پێداویستیی تایبەت خۆی سەردانی پاپای ڤاتیکانی کردووە و سوپاسی هەوڵەکانی پاپای کردووە بۆ پاڵپشتیکردنی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان.

ڕۆبێرتۆ لە ساڵی ٢٠٠٧دا وەکو یەکێک لە قوربانییەکانی هاتوچۆ ناوی خۆی هەژمارکردووە، بەو جۆرەش توانیوویەتی بەڵگەنامەی دەستبکەوێت، بەڵام دواتر بەڵگەنامەکەی تەزویر کردووە و، گۆڕیویەتی بەوەی کە بەهۆی ڕووداوەکەوە تووشی شەلەل بووە.

چەند ڕۆژێک پێش ڕووداوەکە ڕۆبێرتۆ سەردانی فەڕەنسای کردووە، دواتر بەرپرسانی فڕۆکەخانەکە بینیویانە بەبێ ئەوەی هیچ کەس یارمەتیی بدات بە قاچەکانی خۆی لە فڕۆکەکە دابەزیوە، لە دوای پشکنینیش دەرکەوتووە کە ئەو ماوە زۆرە هەمووانی هەڵخەڵەتاندووە، دەتوانێت قاچەکانی بە باشی بجوڵێنێت، هەربۆیە ئێستا لەژێر لێکۆڵینەوەدایە، لە دوای لێکۆڵینەوەش سزای بەسەردا دەسەپێنرێت.