سەردێڕ:

پەیامنێرانی بێسنور: عێراق لە پلەی ١٥٦هەمینی ئازادی ڕۆژنامەگەریدایە

لە کۆی ١٨٠ وڵات
فۆتۆ: 
2019-04-18

263 جار خوێندراوەتەوە

ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێسنور لە ریزبەندییەکدا دۆخی ئازادی ڕۆژنامەگەری لەسەر ئاستی جیهان بۆ ساڵی ٢٠١٩ دیاریکردووە  و عێراق لە کۆی ١٨٠ وڵات  لە پلەی ١٥٦هەمیندایە .

بەراورد بە ریزبەندییەکی ساڵی ڕابردووی ڕێکخراوەکە، دۆخی ئازادی ڕۆژنامەگەری لە عێراق چوار پلە هاتووەتە پێشەوە، لەکاتێکدا لە ٢٠١٨دا عێراق لە پلەی ١٦٠ ی ئازادی ڕۆژنامەگەریدابوو.

ئاماژە بەوەشکراوە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە هیچ ڕۆژنامەنوسێک لە عێراق نەکوژراوە بەڵام یەک هاوکاری ڕۆژنامەنوس کوژراوە.

سەبارەت بە دۆخی ڕۆژنامەگەری لەسەر ئاستی جیهان، ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێسنور نوسیویەتی، زۆرێک لە ڕۆژنامەنوسان لە دۆخێکدا کاردەکەن کە سەلامەتییان دەکەوێتە مەترسییەوە و بەردەوام لەلایەن حکومەتە جیاوازەکانەوە کارەکانیان سنورداردەکرێت، زۆرێکیشیان لەلایەن سەرکردە سیاسییەکانەوە "دەمکوتدەکرێن".

سەبارەت بە ئامارەکانیش، ڕێکخراوەکە دەڵێت لە سەرەتای ئەمساڵەوە ٦ ڕۆژنامەنوس لە جیهاندا کوژراون و یەک هاوڵاتی کە ڕۆڵی ڕۆژنامەنوسی بینیووە کوژراوە، یەک هاوکاری میدیاییش کوژراوە.

باسلەوەشکراوە، لە ئێستادا ١٧٠ ڕۆژنامەنوسی جیهان لە زینداندان، ١٥٠ هاوڵاتیش کە کاری ڕۆژنامەنوسییان کردووە لە زینداندان، هەروەها ١٦ هاوکاری میدیاییش زیندانیکراون.