سەردێڕ:

پەرلەمانی عێراق یارییەکی قەدەغه کردووە بوونی نییە

فۆتۆ: 
2019-04-17

15731 جار خوێندراوەتەوە

سەنتەری میدیای ژمارەیی عێراق ڕایگەیاند، پەرلەمان یارییەکی قەدەغە کردووە بوونی نییە و ئەو دامەزراوەیە بووەتە قوربانیی پڕوپاگەندەکان.

سەنتەرەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەمڕۆ چوارشەممە (١٧ی نیسانی ٢٠١٩) بڵاویکردەوە، تیمی چاودێری لە سەنتەرە میدیاییەکە بەداواچوونی کردووە، ئەو یارییانەی کە پەرلەمان ناوی هێناوە لە بڕیاری قەدەغەکردنەکەی ئەمڕۆدا، بریتین لە یاری پەبجی و فۆرتنایت و یارییەک بە ناوی "نەهەنگی شین" کە بوونی نییە.

تیمەکە ئاشکرایکردووە یاریی نەهەنگی شین نە لە عێراق و نە هیچ دەوڵەتێکی دیکەدا بوونی نییە و ناوی یارییەکەش جگە لە پڕوپاگەندەیەک، کە چەند ساڵێک لەمەوبەر بڵاوکرایەوە، هیچی تر نەبوو.

سەنتەری میدیای ژمارەیی جارێکی تر داوای لە لایەنە حکومی و پەرلەمانییەکانی عێراق کردووە، ڕاوێژ بە کەسانی پسپۆڕ و شارەزایان بکەن بەرلەوەی بڕیاربدەن لەسەر شتێکی تەکنیکی و بڵاویبکەنەوە.

پێشتریش ماڵپەڕی بی بی سی بە زمانی ئینگلیزی ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە سەبارەت بە یاریی نەهەنگی شین، لە کۆتاییدا گەیشتە ئەو ئەنجامەی یاریی نەهەنگی شین لە جیهاندا بوونی نییە.

ئەوەش لە کاتێکدایە ئىمڕۆ پەرلەمانی عێراق لە نوسراوێکى فەرمیدا رایگەیاند، لەبەر ئەوەى هەندێک لە یارییە ئەلیکترۆنییەکان دەبنە هۆی مەترسی بۆ تەندروستى و  ڕۆشنبیری و ئاسایشی کۆمەڵایەتی بە کۆی دەنگی پەرلەمانتارانی ئامادەبوو قەدەغەکراوە.

جگە لە پەبجی یارییەکانی فۆرتنایت و نەهەنگی شین و ئەو یارییانەی دیکەش کە توندوتیژی بڵاودەکەنەوە قەدەغە کراوە.

ع.م