سەردێڕ:

پەرلەمانی عێراق یاری پەبجی قەدەغەکرد

فۆتۆ: 
2019-04-17

29256 جار خوێندراوەتەوە

دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی ، بەغدا، ئومێد محەمەد

پەرلەمانی عێراق یاری پەبجی و سەرجەم ئەو یارییە ئەلیکترۆنیانەی توندوتیژى بڵاودەکەنەوە قەدەغەکرد.

پەرلەمانی عێراق لە نوسراوێکى فەرمیدا رایگەیاند، لەبەر ئەوەى هەندێک لە یارییە ئەلیکترۆنییەکان دەبنە هۆی مەترسی بۆ تەندروستى و  ڕۆشنبیری و ئاسایشی کۆمەڵایەتی بە کۆی دەنگی پەرلەمانتارانی ئامادەبوو قەدەغەکراوە.

جگە لە پەبجی یارییەکانی فۆرتنایت و نەهەنگی شین و ئەو یارییانەی دیکەش کە توندوتیژی بڵاودەکەنەوە قەدەغە کراوە.

پەرلەمان داوای لە  حکومەتی عێراق و وەزارەتی پەیوەندییەکان و دەستەى ڕاگەیاندن کردووە سەرجەم ڕێوشوێنەکان بۆ قەدەکردنی ئەو یاریانە بگرنەبەر.

لە ماوەی ڕابردوودا ژمارەیەک لە هێزە شیعییەکان داوایەکیان بۆ پەرلەمانی عێراق بەرزکردەوە بە مەبەستی قەدەغەکردنی یاری ئەلکترۆنی ناسراو بە "پەبجی".

لە ماوەی ڕابردوودا بەهۆی لاساییکردنەوەی ئەو جۆرە یارییەوە لە لایەن گەنجان و مێردمنداڵانەوە چەندین توندوتیژی جیاجیای لێکەوتەوە.

ع.م