سەردێڕ:

​هەولێر.. جارێکی تر یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگاکان گردبوونەوە

داوای دامەزراندن دەکەن
فۆتۆ: 
2019-04-15

2102 جار خوێندراوەتەوە

دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی ، هەولێر ، هێرش قادر 

بەمەبەستی دەربڕینی ناڕەزایەتی لەبەرامبەر دانەمەزراندنیان بەشێک لە یەکەم و دووەم و سێیەمەکانی زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێم لە شاری هەولێر گردبوونەوە.

خوێندکارانی گردبوونەوەکە بە ئێن ئاڕ تییان ڕاگەیاند، بڕیار وابوو ئەو گردبونەوەیە لە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران ئەنجامبدرێت بەڵام لەلایەن  هێزە ئەمنییەکانەوە بە بیانوی نەبوونی مۆڵەت ڕێگەیان پێنەدرا و لە شەقامێکی تەنیشت شەست مەتری گردبوونەوەکەیان کردووە.

لە بەیاننامەیەکدا نوێنەری خوێندکاران داوای لە حکومەت و پەرلەمان و وەزارەتی خوێندنی باڵا کرد، یەکەم و دووەم و سێیەمەکانی زانکۆ و پەیمانگاکان بۆ ساڵەکانی ٢٠١٦ و ٢٠١٧ و٢٠١٨ دابمەزرێندرێن لە بەشەکانی خۆیان و بە پێی پسپۆڕییەکانی خۆیان.

داواش لە وەزیری خوێندی باڵا دەکەن ناوەکانیان بۆ ئەنجومەنی وەزیران بەرزبکەنەوە بە مەبەستی ڕەزامەندی دامەزراندنیان.

لە گردبوونەوەکەدا نوێنەری زانکۆ و پەیمانگاکانی کۆیە ئاماژەی بەوەکرد، لە پایتەختەوە ڕووبەڕووی سوکایەتی کراونەتەوە بەوەی لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە ڕێگریان لێکراوە لەبەردەمی ئەنجومەنی وەزیران گردببنەوە.

سیپان ئامێدی ئەندامی پەرلەمانی هەرێم لە فراکسیۆنی نەوەی نوێ رایگەیاند، ئەوان وەک فراکسیۆنی نەوەی نوێ بەردەوام کار دەکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گرفتی هاوڵاتییان و داواکاریەکانی ئەو خوێندکارانەش لە ڕێگەی لێژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵاوە دەگەیەننە سەرۆکایەتی پەرلەمان  و کار دەکەن بۆ ڕەشنوسی پرۆژە یاسایەک کە خوێندکارانی یەکەم و دووەم و سێیەمەکانی زانکۆ پەیمانگاکان دابمەزرێنن.

رونیشیکردەوە، لە ڕابردوودا بەهۆی دەستێوەردانی حزبیەوە کەسانی دیکە دامەزراون و خوێندکارانی یەکەم و دووەم و سێیەمەکان دانەمەزراون بۆیە لە پەرلەمان بەردەوام کار دەکەن بۆ جێبەجێکردنی مافە ڕەواکانی خوێندکاران.

ئەمەش لەکاتێکدایە ماوەی چەندین ساڵە دامەزراندن لە کەرتی گشتی هەرێمی کوردستان ڕاگیراوە و بڕیاری دامەزراندنی یەکەمەکانی سەر ئاستی زانکۆ و پەیمانگاکانیش کاری پێناکرێت.