سەردێڕ:

جەزائیر و سودان.. قۆناغى دووەمى بەهارى عەرەبى

فۆتۆ: 
2019-04-12

993 جار خوێندراوەتەوە

پاش هەشت ساڵ لە هەڵگیرسانی یەكەم شەپۆلی گۆڕانكاری لە وڵاتانی عەرەبی، لە بەهاری ٢٠١٩دا شەپۆلی دووەمی گۆڕانكاری وڵاتانی جەزائیر و سودانی گرتەوە، كە هەندێك بە قۆناغی دووەمی "بەهاری عەرەبی" ناویدەبەن، بەو پێیەی دوو سەرۆكی دیكتاتۆری پاش چەندین دەیە لەسەر كورسی دەسەڵات هێنرایە خوارەوە.

لە شەپۆلی یەكەمی ئەوەی لە پاش ٢٠١١ ناوی لێ نرا "بەهاری عەرەبی" بۆشایی ئەمنیی گەورە دروستبوون، ئەمەش بۆ ماوەیەك باوەڕێكی زاڵی وەهای دروستكرد كە چیتر هیچ وڵاتێكی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بیر لە گۆڕینی ڕژێمەكانی ناكاتەوە، بەڵام ئەوەی لە ماوەی ئەم چەند هەفتەی كۆتاییدا لە جەزائیر و سودان ڕوویدا ئەم بۆچوونەی سەرەولێژ كردەوە و ئەو ڕاستییەی دووپاتكردەوە كە ستەمكاری و تاكڕەوی گەلان ناچاردەكەن هەوڵبدات بۆ ئازادی، هەروەها قۆرغكاری لە دەسەڵاتیشدا هیچ ڕێگر نابێت لە شەمەندەفەری گۆڕانكاری.

شەپۆلی یەكەمی بەهاری عەرەبی گەلانی ڕاپەڕیوی بەبێ سەركردە و دەمڕاست بەجێهێشت، بەڵام سەرەنجام بووە هۆی لەڕیشەهێنانی كۆمەڵێك ڕژێمی دیكتاتۆر و خۆسەپێن، كە هەموو جومگەكانی دەسەڵاتیان توند لە چنگی خۆیاندا قایم كردبوو، جیاواز لە شەپۆلی یەكەمیش، ئەم شەپۆلی دووەمەی ئێستا ڕێبەر و ئاراستەكەری كە سوپا نیشتمانییەكانن و لە پەنا گۆڕانە سیاسییەكاندا پارێزگاری لە ئاسایش و سنوری وڵات دەكەن، كە دەشێت ئەمەش ببێتە مۆدێلێكی نوێ بۆ ئەو گەلانەی بەدوای ئازادی و دیموكراسییەت و دادگەریدا دەگەڕێن.

هەندێک بۆچوون پێیانوایە قورسە بە باڵادەستبوونی سوپا بوترێت گۆڕانكاریی دیموكراسی و ئەرێنی، بەڵام زۆرێكیتر باس لەوە دەكەن لەو وڵاتانەی ڕژێمەكانیان دەیان ساڵ حوكم دەكەن ناتوانن بەبێ پلەبەندی بچنە ناو گۆڕانكاریی تەواوەتی و تەنانەت ئەوروپاش پاش ڕوخاندنی پاشایەتییەكان بە حوكمی سوپا و ئاژاوە و بشێویدا گوزەری كردووە، تا گەشتووە بەم سیستمی سیاسییە لیبراڵ و دیموكراسییەی ئێستا و لەمبارەیەشەوە شۆڕشی فەڕەنسی نمونەیەكی زەقە.

خاڵێكی تری ئیجابی لە گۆڕانكارییەكانی جەزائیر و سودان ئامادەیی بەهێزی كۆمەڵگای مەدەنی و چاوكراوەیی خۆپیشاندەرانە، بە جۆرێك لە پاش هێنانە خوارەوەی عەبدولعەزیز بوتەفلیقە و عومەر بەشیر لەسەر تەختی دەسەڵات، خۆپیشاندان و ناڕەزایی و گوشاری مەدەنی بۆ لەدایكبوونی قۆناغێكی تەندروست بە گەرمی لە پەرەسەندندایە و باوەڕ وەهایە ئەم جموجوڵە قەت لێنەگەڕێت جارێكیتر دیكتاتۆرییەت لە بەرگێكی تردا لەدایكببێتەوە.

ئەو دەسەڵاتە سەربازییانەی كە ئێستا لە جەزائیر و سودان حوكمڕانییان وەرگرتووە، خۆیان بە ڕاگوزەر ناساندووە و لە هەوڵی ڕێكخستنی هەڵبژاردن و فەراهەمكردنی كێبەركێی سیاسیدان، بەلای زۆرێكیشەوە ئەمە زۆر لە قۆناغی تاكڕەوی یەك ڕژێم و یەك سیستم باشترە و قۆناغێكی ناچاری و پێویستیشە بۆ ئامانجە گەورەكە، كە بەرقەراركردنی دیموكراسییەتە، هەر ئەمەش زۆر لە ناوەندە سیاسییەكانی گەشبین كردوە و باس لەوە دەكەن قۆناغی دووەمی بەهاری عەرەبی چانسی سەركەوتنی زیاترە بەهۆی ئەوەی پەندی لە كەلێنەكانی قۆناغی یەكەم وەرگرتووە.

ئ.ر