سەردێڕ:

دادگای کەرکوک پێشمەرگەیەکی بە ١٠ ساڵ زیندانی سزادا

فۆتۆ: 
2019-04-11

56604 جار خوێندراوەتەوە

هۆشەنگ نوری ئەو پێشمەرگەیەی بە برینداری لە گرتوخانەی کەرکوک راگیرابوو، ئەمرۆ لەلایەن دادگای کەرکوکەوە سزای ١٠ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنرا، كه‌سوكاره‌كه‌شی نیگه‌رانی ده‌رده‌بڕن و داوای پێداچوونه‌وه‌ به‌ سزاكه‌ی ده‌كه‌ن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (11ی نیسانی 2019) ئاوێزان نوری، خوشکی ئەو پێشمەرگە سزادراوە رایگەیاند، هۆشەنگ نوری برای دوای شەش مانگ ڕاگیرانی بە برینداری، لەلایەن دادگای کەرکوکەوە سزای ١٠ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنرا.

ئاشکراشیکرد، ئەو سزایە لەکاتێکدا بۆ هۆشەنگ دەرچوە، کە هیچ بەڵگە و شایەتحاڵێک نەبووە بۆ ساغکردنەوەی ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی کراوە.

وتیشی، سەرەڕای هەوڵدان بۆ تیرۆرکردنی لە لایەن گروپێکی نەناسراوی تورکمان، تۆمەتی چوونە سەر ماڵانی بە چەکەوە ئاڕاستەکراوە بە بێ هیچ شایەتی و به‌ڵگه‌یه‌ك لە زیندان راگیراوە.

ئاوێزان نووری ئاماژەی بەوەشکرد، "تەنها تاوانی براکەم دوو وێنەیە کە لە کاتی رووبەرووبوونەوەی داعش لەگەڵ گه‌ریلاكانی پەکەکە و گەریلا بڵاوبوه‌تەوە، کە ئەمە لای به‌ره‌ی تورکمانی مەقبوڵ نیە و بەو هۆیەوە لە 16ی ئۆکتۆبەر12 هەمەری ئەو هێزەیان ناردە سەر ماڵی دایکم بۆ دەستگیرکردنی براکەم، لە هەموو پەیجەکانی خۆشیان وێنەیان بڵاوکردەوە".

ئه‌و خوشكه‌ی هۆشه‌نگ نووری، داوای كرد لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی كه‌ركوك و حزبه‌كان به‌هانای براكه‌یانەوە بچن، چونكه‌ ئه‌و سزایه‌ی بۆ براكه‌ی ده‌ركراوه‌ سیاسییه ‌و چه‌ند دادوه‌رێكی توركمان سزاكه‌یان ده‌ركردووه‌.

پێشتریش خوشکی ئەو پێشمەرگەیە هۆشداریدابوو لەوەی رێگری لەچارەسەرکردنی دەکرێت لە ئەگەری چارەسەرنەکردنی برینداری براکەی، ئەوا قاچێکی لەدەستدەدات.