سەردێڕ:

پسپۆرێکی بواری تەندروستی: حزبەكان بازرگانی بە دەرمانەوە دەكەن

گۆران عەبدوڵا، پسپۆر لە بواری سیستەمی تەندروستی
فۆتۆ: ئێن ئاڕ تی
2019-04-07

1652 جار خوێندراوەتەوە

پسپۆرێکی بواری سیستەمی تەندروستی ڕایگەیاند، حزبەكان بازرگانی بە دەرمانەوە دەكەن و بەرێوەبەری نەخۆشخانەی شاریش دەڵێت، دۆخی ئابوری هەرێم ناتوانێت كێشەی تەندروستی هەرێم چارەسەر بکات.

گۆران عەبدوڵا، پسپۆر لە بواری سیستەمی تەندروستی لەمیانەى بەشداریکردنى لە بەرنامەى تاوتوێی ئێن ئاڕ تیدا ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە (٧ی نیسانی ٢٠١٩) رایگەیاند، حزبەكان بازرگانی بە دەرمانەوە دەكەن و ئەگەر كادری حزبی نەبیت دور دەخریتەوە لە خزمەت بە نەخۆشخانەكان.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە سلێمانی ٢٢ملیۆن دۆلار كە بۆ كەرتی تەندروستی تەرخان كرابوو دزرا، وتیشی ئەو سیستمە تەندروستییە تایبەتەی لە هەرێم هەیە دەبێت بدرێتە دادگا و سزا بدرێن.

هاوکات ئومێد عەلی حەمە ساڵح، بەرێوەبەری نەخۆشخانەی شاریش رایگەیاند، دۆخی ئابوری هەرێم ناتوانێت كێشەی تەندروستی هەرێم چارەسەر بكات وهێشتا سیستمی تەندروستی لە هەرێم نەگەیشتووەتەوە ئاستێكی باڵا.

وتیشی، تەندروستی سلێمانی لە ئاستێكی لوتكەدایە و ڕەوشی نەخۆشخانەكان پێشكەوتنی بە خۆوە بینیووە و هەر پزیشكێك كەمتەرخەمی یاخود هەڵەی دیار بكات سزا دەدرێت.

بەرێوەبەری نەخۆشخانەی شار ڕوونیشیکردەوە، كەرتی گشتی تەندروستی توانیوێتی پارەیەكی زۆر بۆ هاوڵاتیان بگەرێنێتەوە.

د.ن