سەردێڕ:

ووردەکاری گەشەسەندنی بیری نازییە نوێیەکان و مەترسی پێکدادان لە ئەوروپا ​

فۆتۆ: 
2019-03-31

5087 جار خوێندراوەتەوە

شارەزایانی بواری تیرۆر بە بی بی سییان ڕاگەیاندووە، ڕاستڕەوە توندڕەوەکان لە بەریتانیا دەستیان بەو پێداویستییانە گەیشتووە کە لەلایەن داعشەوە بە شێوەی ئۆنلاین لە ئینتەرنێت بڵاوکراونەتەوە.

بی بی سی لە ڕاپۆرتێکیدا چەند وێکچوونێکی نێوان ڕاستڕەوە توندڕەوەکان و داعشی خستووەتەڕوو و باسی لەوە کردووە شارەزایانی دژە تیرۆر ڕایانگەیاندووە، نازییە نوێیەکان و ڕاستڕەوە توندڕەوەکان لێکۆڵینەوەیان لەو ڕێگایانەی هێرشکردن کردووە، کە چەکدارانی داعشە لەڕێگەی ئینتەرنێتەوە لەگەڵ شوێنکەوتووانیان هاوبەشییان پێکردووە.

لە ڕاپۆرتەکەی بی بی سیدا هاتووە، لە ناوەڕاستی ساڵی ڕابردووەوە، ئێم ئای پێنج، کە دەزگایەکی ئەمنیی ناوخۆیی بەریتانیایە، لەگەڵ پۆلیسی ئەو وڵاتە لە هەوڵی کۆنترۆڵی هەڕەشەی گەشەکردنی ڕاستڕەوە توندڕەوەکانی ئەو وڵاتەدان.

ئەفسەرانی دژە تیرۆر زنجیرەیەک ڕێگایان بەکارهێناوە، لەناویاندا بە نهێنی گوێگرتن لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکان، بەمەبەستی کۆکردنەوەی زانیاریی هەواڵگریی لەسەر ئەو کەسانەی کە زۆر توندوتیژن و پلانی ئەنجامدانی توندوتیژییان هەیە.

لە هەندێک لە حاڵەتەکاندا، دوای ئەوەی گومانلێکراوەکان بابەتی سێکسیی منداڵیان داگرتووە دەستگیرکراون، بەڵام بەرپرسان دەڵێن،  نازییە نوێیەکان و ڕاستڕەوە توندڕەوەکان دەستیان بە پێداویستیگەلێک گەیشتووە بۆ ئەنجامدانی هێرش، کە ئەو پێداویستییانە لەلایەن دوژمنە ئایدۆلۆژییەکانیانەوە (داعشەوە) بڵاوکراونەتەوە. بی بی سی لە ڕاپۆرتەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، کە لەوانەیە ئەوە نامۆ بێت، بەڵام نابێت جێگای سەرسوڕمان بێت.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، ئایدۆلۆژیاکانیان لەوانەیە بە تەواوی دژی یەکتری بێت، بەڵام وێکچوون لە نێوانیاندا هەیە، کە هەندێکیان ڕوون و ئاشکران و هەندێکیشیان زۆر ڕوون و ئاشکرا نیین.

زۆر لە توندڕەوە سپی پێستەکان و توندڕەوە ئیسلامییە توندوتیژەکان لەسەر بنەمای ڕق و کینە و نالێبوردەیین بەرامبەر ئەوانەی کە لەگەڵ بیروباوەڕیاندا نیین.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، بۆ چەکدارانی داعش نەک مامەڵەکردن لەگەڵ ناموسڵمانەکان مامەڵەیەکی دوژمنکارانەیە، بەڵکو لەگەڵ موسڵمانانی شیعە و هەر کەسێکی تر کە هەماهەنگیی "کەسانی بێ باوەڕ" بکات بەلایانەوە وەک دوژمنە.

لە ڕاپۆرتەکەی بی بی سی هاتووە، چەکدارانی داعش بە بەکارهێنانی چەمکی "تەکفیر" تەنانەت هاودینەکانی خۆیشیان بە "بێباوەڕ" و "موڕتەد/هەڵگەڕاوە" ناودەبەن و، وەکو ئامانجێکی شەرعی لێیان دەڕوانن.

لەلایەکی ترەوە، ڕاستڕەوە توندڕەوەکانی بەریتانیا و تەواوی ئەوروپا هەموو ئەوانە وەکو دوژمنی خۆیان دەبینن کە بوونە هۆی گۆڕانکاریگەلێک کە ئەوان حەزیان لێ نەبووە، بۆ نمونە ڕێگەدان بە هاتنی بەلێشاوی کۆچبەران لە ئاسیا و ئەفریقیاوە.

لە ساڵی ٢٠١١دا ئەندرێس برێڤیک توندڕەوی نەرویجی هێرشێکی کۆمەڵکوژیی لە ئۆسلۆ ئەنجامدا، بەڵام هێرشی نەکردە سەر موسڵمانان و کۆچبەران، بەڵکو هێرشی کردە سەر ئەندامانی گەنجی حزبێک کە ئەو لۆمەی دەکردن لەسەرئەوەی گۆڕانکارییان لە ڕەچەڵەک و نەژادی نەرویجدا کردووە.

توندڕەوانی داعش وا لە موسڵمانانی رۆژئاوا دەڕوانن کە لە بارودۆخێکی گوماناویی و نەزانراودا بژین، هەروەها بەردەوام هانیاندەدەن تێکەڵاوی کەسانی ناموسڵمان نەبن کە ژمارەیان زیاترە لە ئەوروپادا.

هەریەکە لە چەکدارانی داعش و ڕاستڕەوە توندڕەوەکان خۆیان وەکو کەسانی پاک و ساڵح دەبینن، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا خوازیاری کۆمەڵگای جیاوازن.

ئەوەی هەردوو گروپەکە (داعش و ڕاستڕەوە توندڕەوەکان) هاوبەشن تیایدا و بەرژەوەندییان تیایدا هەیە بڵاوکردنەوەی وەسوەسە و وێنەی گرافیکیی توندڕەوانەیە، زۆرینەی ئەو کارانەش پەنهانن و بەشێکیشیان بە شێوەیەکی بەرفراوان بۆ مەبەستی بەکرێگرتن بڵاودەکەنەوە.

ئەفسەرانی دژە تیرۆر هەندێک لە پێداویستییەکانیان بە "زۆر قێزەون" ناوبردووە کە چاودێرییان کردوون و ڕاوێژیان لەبارەوە کردووە.

لەدوای ساڵانی هێرشەکانی ١١ی سێپتەمبەری ٢٠٠١، ئەلقاعیدە بە بەردەوامی وێنەی ئەو دوو فڕۆکەیان بەکاردەهێنا کە خۆیان کێشا بە دوو تاوەرە بازرگانییەکەدا. داعش قۆناغێکی قوڵتری بڕی و جیهانی شۆک کرد بەو ڤیدیۆیانەی کە تیایدا وا دەردەکەوێت دیل و بارمتەکانی سەردەبڕێت و، مرۆڤ لە باڵەخانە بەرزەکانەوە فڕێدەداتە خوارەوە بە تۆمەتی هاوڕەگەزبازی.

ئەو کارانەی داعش کاریگەریی لەسەر موسڵمانانی جیهان هەبوو، هاوکات خەڵکانێک دەچوونە ڕیزەکانی داعش کە بەزۆری تاوانکار بوون یان نەخۆشی دەروونییان هەبووە و لە ئازاردانی خەڵکی چێژیان بینیوە.

لە ماوەی خەلافەتەکەی داعشدا لە نێوان ساڵانی ٢٠١٤ بۆ ٢٠١٩، بە شێوەیەکی پراکتیکی چەکدارانی داعش هەستان بە بەکۆیلەکردنی کچانی ئێزدی تا تەمەن نۆ ساڵ، ئەمەش بۆ ڕاکێشانی سەرنجی بەکرێگیراوە منداڵبازەکانی وڵاتانی ئەوروپا.

بەرپرسان باس لەوە دەکەن کە ڕاستڕەوە توندڕەوەکان توندوتیژی و وێنە و ڤیدیۆی شەیتانی و ناڕوونیان بڵاوکردووەتەوە و، هەندێجاریش مەیدانەکانی یاریکردن و موزیکیان بۆ بەکرێگرتنی ئەندامی نوێ بەکارهێناوە.

ئامانج لەمانەش، وەک بەرپرسان دەڵێن، بەشێکی بۆ بەکارهێنانی کەسانی دڵسۆز بووە لە توندوتیژییەکان.

لە ڕاپۆرتەکەی بی بی سیدا هاتووە، چەکدارانی داعش و چەکدارانی توندڕەوی ئیسلامی زیاتر یەکگرتووترن لەسەر بنەمای دیدگای شەرعیی ئیسلامی سەپێنراو، بەڵام لە بەریتانیا گروپە ڕاستڕەوە توندڕەوەکان کە زۆربەیان لە (ناشناڵ ئاکشن)ی قەدەغەکراو جیابوونەتەوە لەگەڵ ئاماژەی پێکەوە کارکردنیان کەمە.