سەردێڕ:

عادل عەبدولمەهدی پێشنیازی دەرکردنی ​پارێزگاری نەینەوای کرد

فۆتۆ: 
2019-03-23

6492 جار خوێندراوەتەوە

عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق پێشنیازی دەرکردنی نەوفل عاگوب پارێزگاری نەینەوا و جێگرەکانی کرد.

 نوسینگەى ڕاگەیاندنی  عادل عەبدولمەهدی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، بەهۆی بوونی کەمتەرخەمی ڕوون و بە  فیرۆدانی سامانی دەوڵەت و خراپ بەکارهێنانی پۆست، سەرۆک وەزیران  پێشنیازی بۆ پەرلەمان کردووە نەوفل عاگوب پارێزگاری نەینەوا و جێگرەکانی لاببرێن.

ئەمەش لە دوای ئەوە دێت، ئەمڕۆ خۆپیشاندەرانی موسڵ ئۆتۆمبێلی پارێزگاری شارەکەیان بەردباران کردووە و کاروانی ئۆتۆمبێلەکانیشی دوو خۆپیشاندەرێکیان شێلاوە.

دوێنێ پێنجشەممە لە یەکەم ڕۆژی وەرزی بەهاردا و لەکاتێکدا خەڵکی بۆ گەشت و سەیران ڕوویان لە بەشی باکوری ڕووباری دیجلە کردبوو لە شاری موسڵ، بەلەمێک لەناو ڕووبارەکەدا بە دەیان سەرنشینەوە ژێرئاوکەوت.

ژمارەی ئەو کەسانەی لە ڕووداوی ژێرئاوکەوتنی بەلەمە گەشتیارییەکەی نەینەوادا خنکان گەیشتووەتە ١٢٠ کەس و، تا ئێستا بە دەیان کەس بێسەروشوێنن، هەروەها توانراوە ٥٥ کەسیش ڕزگاربکرێت.

ئەمڕۆش عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق فەرمانێکی دیوانیی دەرکرد بە پێکهێنانی شانەی قەیران لە پارێزگای نەینەوا، بە مەبەستی ڕاییکردنی جێبەجێکردنی کارەکان لە پارێزگاکە، تا ئەو کاتەی ئەنجومەنی پارێزگا بڕیارێک دەدات لە بەر ڕۆشنایی لێکۆڵینەوەکان لە ڕووداوی نوقمبوونی بەلەمە گەشتیارییەکە.