سەردێڕ:

دوو خوێندکاری ئەمریکى ئاهەنگی هاوسەرگیریان لە کەلار ​کرد

بە جلی کوردییەوە هەڵپەڕکێ دەکەن
فۆتۆ: 
2019-03-22

38810 جار خوێندراوەتەوە

لەناو گوڵ و گیاى پێدەشتى چیاکانى بەمۆدا و لەژێر درەختى تازە چرۆکردووى کەنارى چەمدا، جلێکى کوردى پۆشیوە و جامانەیەکى بەسەرەوە بەستووەتەوە، بەڵام نە دەتوانێت بە کوردى بدوێ و نە لێشى تێدەگا.

جۆن لە ئەمریکاوە ڕۆژى نەورۆز و سروشتى کوردستانى بۆ ئاهەنگى هاوسەرگیرییەکەى هەڵبژاردووە.

خانمى هەڵبژێردراوى ئەو، کیژۆڵەیەکى ئەمریکییە، چەپکێک گوڵى سروشتیی ڕەنگ سپى و مۆرى  چیاکانى کوردستانى لەدەستە و، هاوشێوەى زاوا جل بەرگى کوردى بۆ ئاهەنگەکەى پۆشیوە، لەگەڵ دەنگى دەهۆڵ و زوڕنا و هەڵپەڕینى کچان و کوڕانى کورد، ئەویش لەسەر کورسییەکەى تەنیشت زاواوە، ئەکەوێتە جووڵە.

جۆن و لیس دوو خوێندکارى ژینگەدۆستى ئەمریکیین، کە لە زانکۆى لەندەن لە بەریتانیا لەگەڵ کوڕە کوردێک دەخوێنن، ڕێبوار ئەندامى ڕێکخراوى ژینگەپارێزى گەرمیان و هاوڕێی ئەم دوو خۆشەویستەیە، داواىلێکردوون ئاهەنگى هاوسەرگیرییەکەیان بهێننە کوردستان، لە نەورۆزدا ژینگە و سروشت و دابونەریتى کوردستان ببینن.

هاوڕێ لەگەڵ ئەم، لیس و جۆن، کوڕو کچێکى بەریتانى و سکۆتلەندییش ئامادەى ئاهەنگەکەن، ڕێکخراوى ژینگەپارێزى گەرمیان ئامانجى تایبەت بە خۆیان هەیە لە ڕێکخستنى ئەم ئاهەنگە و دەڵێن، لە ڕێگەى خەڵکانى بیانییەوە پەیامە نەتەوەییەکانى خۆیان دەگەیەنن.

بیانییەکان بە جلوبەرگى کوردى لە سروشتى کوردستاندا تێکەڵ بە نەریتى کوردەوارى بوون و، لەگەڵ گۆرانى و مۆسیقاى کوردیدا ئاهەنگیان گێڕا، ئێمەشیان ڕاکێشایە ناو ڕیزى هەڵپەڕکێى خۆیان و لەگەڵیاندا هەڵپەڕین.