سەردێڕ:

​گۆگڵ بەهۆی ڕووداوەکەی موسڵەوە ماتەمینی ڕاگەیاند

١٢٠ کەس خنکان
فۆتۆ: 
2019-03-22

7571 جار خوێندراوەتەوە

بەشی وەشاندنی عێراقی ماڵپەری گۆگڵ بە بۆنەی ڕووداوەکەى  موسڵەوە ماتەمینی ڕاگەیاندووە.

ئەمڕۆ  گۆگڵ  هێمای قرتێلەیەکی ڕەشی لەسەر ڕووپەڕی ماڵپەڕەکەی داناوە و لێی نووسیوە، "لە یادی قوربانییانی نوقمبوونی بەلەمەکەى موسڵدا."

دوێنێ پێنجشەممە لە یەکەم ڕۆژی وەرزی بەهاردا و لەکاتێکدا خەڵکی بۆ گەشت و سەیران ڕوویان لە بەشی باکوری ڕووباری دیجلە کردبوو لە شاری موسڵ، بەلەمێک لەناو ڕووبارەکەدا بە دەیان سەرنشینەوە ژێرئاوکەوت.

ژمارەی ئەو کەسانەی لە ڕووداوی ژێرئاوکەوتنی بەلەمە گەشتیارییەکەی نەینەوادا خنکان گەیشتووەتە ١٢٠ کەس و، تا ئێستا بە دەیان کەس بێسەروشوێنن، هەروەها توانراوە ٥٥ کەسیش ڕزگاربکرێت.

ئەمڕۆش عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق فەرمانێکی دیوانیی دەرکرد بە پێکهێنانی شانەی قەیران لە پارێزگای نەینەوا، بە مەبەستی ڕاییکردنی جێبەجێکردنی کارەکان لە پارێزگاکە، تا ئەو کاتەی ئەنجومەنی پارێزگا بڕیارێک دەدات لە بەر ڕۆشنایی لێکۆڵینەوەکان لە ڕووداوی نوقمبوونی بەلەمە گەشتیارییەکە.

هاوکات هەر ئەمڕۆ خۆپیشاندەرانی موسڵ ئۆتۆمبێلی پارێزگاری شارەکەیان بەردباران کردووە و کاروانی ئۆتۆمبێلەکانیشی دوو خۆپیشاندەرێکیان شێلاوە.