سەردێڕ:

بە تاوانی جینۆساید لە بۆسنە زیندانیکردنی هەتاهەتایی بەسەر سەرکردەی سربەکاندا سەپێنرا

ڕادۆڤان کارازیج سەرۆکی سربەکانی بۆسنە
فۆتۆ: ئەرشیف
2019-03-22

6118 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ هەینی (٢٢ی ئازاری ٢٠١٩) دادگای تاوانی نێودەوڵەتی، کە سەیری دۆسیەی تاوانەکانی جەنگی ناوخۆیی یوگسلاڤیا دەکات، داوایەکی پێداچوونەوەی ڕادۆڤان کارازیج سەرۆکی سربەکانی بۆسنەی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند، ناوبراو سزای زیندانیی هەتاهەتایی بۆ ماوەی ٤٠ ساڵ بەسەردا سەپێنرا.

دادگا تۆمەتی ئاراستەی سەرۆکی پێشووی سربەکانی بۆسنە کرد بە ئەنجامدانی خراپترین تاوانی جەنگ لە شەڕی ناوخۆیی بۆسنە، کە بە خراپترین جەنگی ناوخۆیی ئەوروپا ناوزەد کراوە لە دوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە.

لە دوای تەواوکردنی لێکۆڵینەوەکان، تۆمەت ئاراستەی کارازیج کرا بە ئەنجامدانی تاوانی جەنگ و کوشتی هەزاران هاوڵاتی موسڵمانی بۆسنە و کرواتەکان، ناوبراو ١١ تۆمەتی جینۆسایدی بە کۆمەڵی ڕووبەڕوو کرایەوە، سەرەڕای ئەنجامدانی تاوانی جەنگ و تاوانی دژی مرۆڤایەتی و چەندین تاوانی دیکەی دژبە مرۆڤایەتی، کە لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا لە دژی موسڵمان و کرواتەکانی بۆسنە ئەنجامیداوە.

کارزیج تاوانبارکراوە بە پاکتاوی ڕەگەزی، یەکەمیان لە شاری سبیرنیچای بۆسنە، کە لە مانگی تەموزی ١٩٩٥ ئەنجامدراوە و بەهۆیەوە زیاتر لە حەوت هەزار و ٥٠٠ پیاو، منداڵ و ژنی موسڵمانی تیادا کۆمەڵکوژکرا، لەوکاتەدا نەتەوەیەکگرتووەکان تاوانەکەیان بە هەڵمەتی تیرۆر و قەڵاچۆکردنی موسڵمانەکانی بۆسنە و کرواتەکانی بۆسنە ناوبرد.

جگە لەوەش، تاوانی پاکتاوی ڕەگەزایەتی درایە پاڵ بەوەی کە بە هەزاران هاوڵاتی لە بۆسنە ناچارکردووە ماڵوحاڵی خۆیان جێبهێڵن.

دادگاییکردنی ڕادۆڤان کارازیج ماوەی شەش ساڵ و شەش مانگی خایاندووە و کارازیج بە تەنها خۆی لەکاتی پرۆسەی دادگاییکردنەکەدا، کە ٤٩٧ ڕۆژی دادگاییکردن بووە، بەرگریی لە خۆی کردووە.

ئەو تۆمەتانەی کە بە بەڵگەوە ئاراستەی کارازیج کراوە، لە سێ ملیۆن لاپەڕە پێکهاتووە و لەلایەن دادگاوە پشتڕاستکراوەتەوە.

لە دوای کۆتاییهاتنی شەڕی ناوخۆیی بۆسنەوە لە ناوەڕاستی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا و کاتێک دادگای تاوانی نێودەوڵەتی لە لاهای فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکردووە، کارازیج خۆی شاردووەتەوە و بە ناو و نازناوی خوازراوەوە خۆی ونکردووە، تا لە ماوەی ڕابردوودا بە شێوەیەکی کتوپر لە بەلگرادی پایتەختی سربیا بینراوە و دەستگیرکراوە، ئەو ماوەیەی خۆی شاردووەتەوە خۆی بە کاری پزیشکی گیاییەوە خەریککردووە و، بە سەر و ڕیشێکی زۆرەوە و لەچاوکردنی چاویلکەوە خۆی شاردووەتەوە و لە گۆڤارێکیش ستونێکی بە ناوی "ژیانی تەندروست" نوسیوە، بۆئەوەی کەس گومانی نەخاتەسەر.

ڕادۆڤان کارازیج لە ساڵی ١٩٤٥ لە شارۆچکەی ساڤنیک لە مۆنتینیگرۆ لەدایکبووە و وەک شاعیر و سیاسەتمەدار و پزیشکی دەروونی ناسراوە.

ع.م

رادوفان كراديتش عندما كان متنكراً

وێنەی کارازیج کاتێک دەستگیر کراوە