سەردێڕ:

ژمارەى قوربانیانى ڕووداوەکەى موسڵ بۆ ١٢٠ کەس بەرزبووەوە ​

فۆتۆ: 
2019-03-22

5779 جار خوێندراوەتەوە

موسڵ ئەو شارەى کە هێشتا شوێن پێى چەکدارانى داعش لە کوچە و کۆڵانەکانییدا نەسڕاوەتەوە و برینى جەستەى شارەکە ساڕێژ نەبووە، ڕووبارى دیجلە لە یەکەم ڕۆژی وەرزی بەهاردا بوو بە ڕووبارى مەرگ و باوەشى بۆ جەستەى ماندووى دەیان ژن و منداڵ و گەنجى شارەکە کردەوە.

لەکاتێکدا خەڵکی بۆ گەشت و سەیران ڕوویان لە بەشی باکوری ڕووباری دیجلە کردبوو، تا وچانێک بە دەرونى ماندووی سیخناخ لە مافە سەرەتاییە قەدەغە کراوەکانیان لە سەردەمى داعش بدەن، بەڵام بەهۆى بچڕانى سیمەکانییەوە، بەلەمێک لەناو ڕووبارەکەدا ژێرئاوکەوت و زیاتر لە ١٢٠ گەشتیارى ناو بەلەمەکە گیانیان لەدەستدا، کە زۆرینەیان ژن و منداڵن.

هاوکات گەلاوێژ عەلی ئەمین ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای موسڵ ڕاگەیاند، لە نێو ئەو كەسانەی لە ڕووداوەكەی دوێنێی موسڵدا گیانیان لەدەستداوە، ژمارەیەک هاوڵاتی كوردیان تێدایە، بەڵام هێشتا ڕوون نەبووەتەوە ژمارەی ئەو هاوڵاتییە كوردانەی لەناو بەلەمەكەدا ژێر ئاو كەوتوون چەندن.

ئاماژەى بەوەشکرد، لە کۆبوونەوەى ئەنجومەنی پارێزگادا بڕیاریانداوە،لەسەر دوو پرس لێکۆڵینەوەى لەگەڵ پارێزگاردا بکرێت، یەکێکیان تایبەتە بە رووداوى ژێر ئاوکەوتنى بەلەمەکەى موسڵ و گیان لەدەستدانى خەڵکێکى زۆر.

وتیشى، پرسی دووەم تایبەتە بە هێرشکردنە سەر خۆپیشاندەران لەلایەن پاسەوانەکانى پارێزگارى موسڵەوە.

بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراقیش سەردانی دوورگەی گەشتیاری موسڵی کرد بەڵام كەسوكاری ئەو کەسانەى لە رووداوەکە گیانیان لەدەستدا، بە بەرد ووتنەوەی دروشمی نەخیر بۆ گەندەڵیی هێرشیان کردە سەر بەرهەم ساڵح و دوای چەند خولەکێک ناچارکرا شوێنەکە بەجێبهێڵێت و هێزە ئەمنییەکان پاسەوانە تایبەتەکانى سەرۆک کۆماریان ڕزگارکرد.

لەسەر ئەو روداوەش هاوڵاتیەک لە فەیسبوک نوسیویەتی، ئەگەر ئەو ڕوداوى هێرشکردنە لە هەرێمى کوردستاندا روویبدایە، ئەوا پاسەوانە تایبەتەکانى سەرۆک کۆمار بە تەقە وەڵامى خۆپیشاندەرانیان دەدایەوە.

سەرچاوەیەکیش بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لە کاتی سەردانەکەی سەرۆک کۆماری بۆ موسڵ، دەمەقاڵێ لە نێوان ئەو وپارێزگاری نەینەوادا ڕوویداوە.

هاوکات  ساتێک پێش ڕووداوى هێرشکردنە سەر ئۆتۆمبێلەکانى بەرهەم ساڵح، كەسوكاری ئەو کەسانەى لە رووداوەکەى دوێنێى شاری موسڵ گیانیان لەدەستدا و بەشێک لە گەنجانى شارەکە، خۆپیشاندانیان کرد و هێرشیان کردە سەر ئۆتۆمبێلى نه‌وفل حەممادى پارێزگاری موسڵ.

خۆپیشاندەران داواى دەستلەکارکێشانەوەى پارێزگار و بەرپرسانى دیکەى شارەکەیان کردووە و بەپێی هەواڵی میدیا عێراقییەکان ئۆتۆمبێلەکان دوو خۆپیشاندەریان کردووە بە ژێرەوە.

وێنه‌یه‌كی پارێزگاری موسڵ له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا ناڕه‌زاییه‌كی زۆری به‌دوای خۆیدا هێنا، کە له‌كاتی سه‌ردانه‌كه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی، بۆ به‌شی توێكاریی نه‌خۆشخانه‌ی موسڵ، نەوفل حەممادى لەسەر تەرمى قوربانییانى روداوەکە پێكه‌نیوه‌، بە هۆیەشەوە داوای لێپێچینەوە و لەسەرکارلابردنی کراوە.