سەردێڕ:

عەبدولمەهدی فەرمانێکی دیوانیی سەبارەت بە کارەکانی پارێزگای نەینەوا دەرکرد

عادل عەبدولمەهدی لە نەخۆشخانەیەکی موسل ڕزگاربووەکان بەسەر دەکاتەوە
فۆتۆ: پەیجی عەبدولمەهدی
2019-03-22

9321 جار خوێندراوەتەوە

عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق فەرمانێکی دیوانیی دەرکرد بە پێکهێنانی شانەی قەیران لە پارێزگای نەینەوا، بە مەبەستی ڕاییکردنی جێبەجێکردنی کارەکان لە پارێزگاکە، تا ئەو کاتەی ئەنجومەنی پارێزگا بڕیارێک دەدات لە بەر ڕۆشنایی لێکۆڵینەوەکان لە ڕووداوی نوقمبوونی بەلەمە گەشتیارییەکە.

نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ئەمڕۆ هەینی (٢٢ی ئازاری ٢٠١٩) بڵاویکردەوە، بەگوێرەی ئەو دەسەڵاتەی پێیاندراوە، بڕیاردراوە بە پێکهێنانی شانەیەکی قەیران، بەهۆی ئەو بارودۆخەی کە لە پارێزگای نەینەوا هاتووەتە ئاراوە، بەتایبەت دوای ڕووداوە کارەساتبارەکەی نوقمبوونی بەلەمە گەشتیارییەکە.

شانەی قەیرانەکە ڕاستەوخۆ بە سەرۆک وەزیرانەوە گرێدەدرێت، ئەندامەکانی پێکهاتوون لە مزاحم قاسم خەیات سەرۆکی زانکۆی موسڵ و فەرماندەی پۆلیسی نەینەوا و فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکانی نەینەوا و، هەموو ئەرکێکی جێبەجێکردن لە پارێزگاکە بەڕێوەدەبەن.

لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، پێویستە لەسەر شانەی قەیران پەلەبکات لە تەواوکردنی لێکۆڵینەوەکان و سزادانی ئەو کەسانەی کەمتەرخەمییان نواندووە لەو ڕووداوە کارەساتبارە و پێدانی قەرەبووی پێویست.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا ئاماژەی بەوەش کردووە، پێویستە هەموو لایەنە سیاسییەکان لە ئاستی بەرپرسیارێتیدابن و، دوورکەونەوە لە یەکتر تۆمەتبارکردن بە شێوەیەک کە زیان بە دانیشتووانی موسڵ بگەیەنێت.

ئاماژەی بەوەش کردووە، پێویستە لەسەر پارێزگاری نەینەوا پابەندی تەواوی ئەو فەرمانە دیوانییە بێت کە دەکراوە.

ئەوەش لەکاتێکدا پێشتر فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکانی نەینەوا ڕایگەیاندبوو، ژمارەی ئەو کەسانەی لە ڕووداوی ژێرئاوکەوتنی بەلەمە گەشتیارییەکەی نەینەوادا خنکاون گەیشتووەتە ١٢٠ کەس و، تا ئێستا بە دەیان کەس بێسەروشوێنن، هەروەها توانراوە ٥٥ کەسیش ڕزگاربکرێت.

ع.م