سەردێڕ:

ڕانیە.. ئەو کچەی تووشی نەخۆشییەکی دەگمەن بووبوو گیانیلەدەستدا

تەمەنی ١٣ساڵ بوو
فۆتۆ: 
2019-03-22

44292 جار خوێندراوەتەوە

دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی، ڕانیە، ئەیوب عەلی

سارا ئەنوەر، ئەو کچەی تووشی نەخۆشییەکی دەگمەن هاتبوو لە ڕانیە، گیانیلەدەستدا.

سارا ئەنوەر تەمەن ۱۳ ساڵان، کە دانیشتووی ڕانیە بوو، بە نەخۆشیەکی دەگمەن ئەمڕۆ هەینی (٢٢ی ئازاری ٢٠١٩) گیانیلەدەستدا، ڕۆژی (٢٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٨)، ئێن ئاڕ تی ڕاپۆرتێکی لەسەر ژیان و نەخۆشیی ئەو منداڵە بڵاوکردەووە، کە بە وتەی پسپۆڕانی تەندروستی لە هەرێمی کوردستاندا حاڵەتی لەو جۆرە بوونی نییە.

دواتریش لە بەرنامەیەکی هێڵی سوری ئێن ئاڕ تیدا دۆخی  نەخۆشییەکەی سارا لەلایەن  دکتۆرەکەیەوە ڕوونکرایەوە و بەشێک لە پسپۆڕان لەبەرنامەکەدا ئاماژەیان بەوەکرد، حاڵەتەکە لە ئەنجامی هاوسەرگیری خزمانەوە  دروستدەبێت.

ئەو خێزانە بەهۆی هەمان نەخۆشییەوە کچێکی دیکەشیان گیانیلەدەستداوە و هەرچی شتێکیان هەبووە بۆ نەخۆشییەکەی سارا فرۆشتوویانە، بەڵام چارەسەری تەنها لە دەرەوەی هەرێم بۆ دەکرا.

سەعید عوسمان پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی دڵ و هەناوی باسی لەوە کرد، نەخۆشییەکەی سارا کە بەهۆیەوە گیانیلەدەستدا، ناوی هۆمۆزایگس فەمیڵیەڵە، کە نەخۆشییەکەی دەگمەنە و تا ئێستا کەس هاوشێوەی ئەم کچە تووشی ئەم نەخۆشییە نەبووە لە هەرێمی کوردستان.

باس لەوەش دەکات، بەهۆی ئەو نەخۆشییەوە چەوریی خوێن بە شێوەیەکی زۆر بەرزدەبێتەوە و لە کوردستان چارەسەری نەبووە.

سارا ئەنوەر تەمەنی ١٣ ساڵ بوو، دانیشتووی گەڕەکی تیتۆکەی ڕانیە بووە، تا قۆتاغی شەشەمی بنەڕەتیی خوێندووە و بەهۆی نەخۆشییەکەیەوە ماوەی دوو ساڵ بوو وازی لە خوێندن هێنابوو، ئەمڕۆ گیانیلەدەستدا.

د.ن