سەردێڕ:

وێنەیەکی پارێزگاری موسڵ دانیشتووانەکەی توڕە دەکات

عادل عەبدولمەهدی قسە بۆ ڕۆژنامەنووسان دەکات و عاکبویش لە پشتییەوە پێدەکەنێت
فۆتۆ: تۆرە کۆمەڵایەتییەکان
2019-03-22

27824 جار خوێندراوەتەوە

چالاکانی بواری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وێنەیەکی پارێزگاری نەینەوایان بڵاوکردووەتەوە، کە لەکاتی دەرکەوتنی لە پشت عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە پێدەکەنێت، ئەمەش لەو کاتەدا سەرۆک وەزیران دۆخی بریندارەکان و ڕزگاربووەکانی نەخۆشخانەی سەلام لە شاری موسڵ بەسەر دەکاتەوە.

بەگوێرەی وێنەکە، نەوف عاکوب لەپشت سەرۆک وەزیرانەوەیە و زەردەخەنە گرتوویەتی، لەکاتێکدا سەرۆک وەزیران قسە بۆ ڕۆژنامەنووسان دەکات سەبارەت بە ژێرئاوکەوتنی بەلەمێکی گەشتیاری لە ئاوی دیجلەدا لە موسڵ.

بەگوێرەی بڵاوکراوەکان، کە چالاکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویانکردووەتەوە، نوسیوویانە، "پارێزگار ڕێزی لە تەرمی ئەو کەسانە نەگرتووە کە لە پزیشکی دادین و ڕێزیشی بۆ میدیاکان دانەناوە لەکاتی کۆنفرانسە ڕۆژنامەنووسییەکەدا، تەنانەت ڕێزی لە سەرۆک وەزیرانیش نەگرتووە و بە هەمان شێوە ڕێزی لە خێزان و کەسوکاری قوربانییەکانیش نەگرتووە."

هەندێکی دیکە نوسیوویانە، "نەوفل پێبکەنە، ڕۆژەکانی مانەوەت لە دەسەڵات نزیکە و بەمنزیکانە لێپرسینەوەت لەگەڵ دەکرێت."

ئەوەش لەکاتێکدایە، تا ئێستاش ئۆپراسیۆنێک بۆ گەڕان و پشکینی بۆ بێسەروشوێنبووانی ڕووداوەکەی شاری موسڵ بەردەوامە و سات لە دوای ساتیش ژمارەی ئەو کەسانەی لە ڕووداوی ژێرئاوکەوتنی بەلەمە گەشتیارییەکەی موسڵدا خنکاون زیاتر دەبێت و، تا ئێستا گەیشتووەتە زیاتر لە ٩٠ کەس و ٥٥ کەسی دیکەش ڕزگارکراون.

ئەو کەسانە لە یەکەم ڕۆژی بەهار و نەورۆزدا دەیانویست لە ڕووباری دیجلەدا و لە ڕێگەی بەلەمێکی گەشتیارییەوە بپەڕنەوە و بگەنە شاری گەشتیاریی "ئومل ڕەبیعەین" لە ناوچەی "غاباتی موسڵ"، بە مەبەستی ئاهەنگ گێران بەبۆنەی نەورۆز و سەرەتای بەهارەوە، بەڵام لەناکاو بەلەمەکەیان ژێرئاودەکەوێت و ئەو کارەساتەی لێ دەکەوێتەوە.

ع.م