سەردێڕ:

​ئەنجومەنى پارێزگاى نەینەوا بڕیاریدا پارێزگار ڕەوانەى لێکۆڵینەوە بکرێت

لەسەر ژێرئاوکەوتنى بەلەمەکەى موسڵ
کۆنفرانسی رۆژنامەنووسی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا
فۆتۆ: 
2019-03-22

2987 جار خوێندراوەتەوە

لەسەر ژێر ئاوکەوتنى بەلەمەکەى موسڵ و هێرشکردنە سەر خۆپیشاندەران لەلایەن پاسەوانەکانییەوە، ئەنجومەنى پارێزگاى شارەکە بڕیاریدا پارێزگار ڕەوانەى لێکۆڵینەوە بکات.

گەلاوێژ عەلى ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى موسڵ بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تى راگەیاند، لە کۆبوونەوەى ئەمڕۆی ئەنجومەنی پارێزگادا بڕیاریانداوە، نەوفل عاکوب لەسەر دوو پرس لێکۆڵینەوەى لەگەڵدا بکرێت، کە یەکێکیان تایبەتە بە رووداوى ژێر ئاوکەوتنى بەلەمەکەى موسڵ و گیان لەدەستدانى خەڵکێکى زۆر.

وتیشى، پرسی دووەم تایبەتە بە هێرشکردنە سەر خۆپیشاندەران لەلایەن پاسەوانەکانى پارێزگارى موسڵەوە لە سەرلەبەیانی ئەمڕۆدا.

دەربارەی ئەو کەسانەشی گیانیان لەدەستداوە ئاشکرایکرد، لە نێو ئەو كەسانەی لە ڕووداوەكەی دوێنێی موسڵدا گیانیان لەدەستداوە، ژمارەیەک هاوڵاتی كوردی تێدان.

ئەوەشی خستەڕوو، هێشتا ڕوون نەبووەتەوە ژمارەی ئەو هاوڵاتییە كوردانەی لەناو بەلەمەكەدا ژێر ئاو كەوتوون چەندن.

 لەلایەکى دیکەشەوە ئەنجومەنى پارێزگاى موسڵ هەر لەکۆبوونەوەکەیدا بڕیاریدا، مۆڵەتى وەبەرهێنان لەو شوێنە گەشتیارییە بسەندرێتەوە کە بەلەمەکەى تێدا ژێرئاوکەوت و وەبەرهێنەر و ئیدارەى شوێنەکە بدرێنە دادگا.

هاوکات بڕیاریش دراوە بە قەرەبووکردنەوەى ئەو کەسانەى کە بەهۆى ڕووداوەکەوە زیانیان بەرکەوتووە و بە شەهید ناوبردنى ئەو کەسانەى کە گیانیان لەدەستداوە.

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هەینی (٢٢ی ئازاری ٢٠١٩) خۆپیشاندەرانی موسڵ ئۆتۆمبێلەکانی پارێزگاری شارەکەیان بەردباران کرد کە سەردانی شوێنی رووداوەکەی کردبوو، بەپێی هەواڵی میدیا عێراقییەکانیش ئۆتۆمبێلەکان دوو هاوڵاتییان کردووە بە ژێرەوە.

دوێنێ پێنجشەممە لە یەکەم ڕۆژی وەرزی بەهاردا و لەکاتێکدا خەڵکی بۆ گەشت و سەیران ڕوویان لە بەشی باکوری ڕووباری دیجلە کردبوو لە شاری موسڵ، بەلەمێک لەناو ڕووبارەکەدا ژێرئاوکەوت و بەهۆیەوە ٩٥ کەس خنکان.

ع.ا

‌بەپەلە