سەردێڕ:

میدیا جیهانییەکان.. حکومەتی تورکیا ڕێگربووە خەڵات بە سەڵاحەدین دەمیرتاش ببەخشرێت

فۆتۆ: 
2019-03-22

1855 جار خوێندراوەتەوە

دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی ڕۆژانە گرنگترین مانشێت و ھەواڵە جیھانییەکان بڵاودەکاتەوە و ئەمڕۆش ئەم ھەواڵانە لە میدیا جیھانییەکاندا دەبینرێت:

رۆژنامەی ئەیژیا تایمز نوسیویەتی، ساڵێک بەسەر کۆنتڕۆڵکردنی شاری عەفرین لەلایەن گروپە ئۆپۆزسیۆنەکانی نزیک لە تورکیاوە تێپەڕبووە و ئێستاش نیوەی دانیشتوانەکەی عەرەب نشینن. رۆژنامەکە ئاماژە بەوەدەکات، عەفرین کە لە رابردوودا شارێکی کوردی بووە ئێستا بووەتە پێگەیەکی سەلامەت بۆ دەیان هەزار چەکداری ئۆپۆزسیۆن و خێزانەکانیان و بوونەتە جێگرەوەی نزیکەی نیوەی دانیشتوانی شارەکە.

++++

ماڵپەڕی بیانێتی تورکی بڵاویکردووەتەوە، حکومەتی تورکیا ڕێگەی بە دوو هاوڵاتی فەڕەنسی نەدا سەردانی وڵاتەکە بکەن بۆ ئەوەی خەڵاتێک ببەخشنە سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی پارتی هەدەپە، بە گوێرەی ماڵپەڕەکە، ئەو دوو هاوڵاتییە فەڕەنسییە ٤٠ کاتژمێر لە فڕۆکەخانەی ئیستەنبوڵ ماونەتەوە و ڕێگەیان پێنەدراوە بێنە ناو  تورکیاوە تا خەڵاتی مۆتلوک بۆ بەرگری و ئازادی ببەخشنە دەمیرتاش لەبەرامبەر زنجیرە چیرۆکێکی بەناوی کازیوە.

++++

ماڵپەڕی سی ئێن ئێنی ئەمریکی نوسیویەتی، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاندووە، ئێستا کاتی ئەوە هاتووە پشتیوانی لە سەروەری ئیسرائیل بکەین لە بەرزاییەکانی جۆلان کە لە جەنگی ساڵی ١٩٦٧ەوە ئیسرائیل کۆنتڕۆڵیکردووە، ترەمپ وتوشیەتی، جۆلان گرنگییەکی ستراتیژی و ئاسایشی هەیە بۆ دەوڵەتی ئیسرائیل و سەقامگیری ناوچەکە.

++++

بە گوێرەی ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز، لەدوای شکستهێنانی گفتوگۆکانی نێوان ئەمریکا و کۆریای باکوور کە مانگی رابردوو سەبارەت بە داماڵینی چەکی ناوەکی کۆریای باکور بەڕێوەچوو، واشنتن یەکەم سزای بەسەر ئەو وڵاتەدا سەپاند. ئەو سزایە دوو کۆمپانیای گواستنەوەی چینی گرتووەتەوە کە هاوکاری کۆریای باکوریان کردووە لە شکاندنی سزاکانی سەر ئەو وڵاتە و بەشداربوون لە بازرگانیکردنی نەوتی کۆریای باکوور.