سەردێڕ:

سلێمانی.. لە رۆژانی نەورۆزدا زیاتر لە ١٠ هەزار ئاژەڵ سەربڕدراون

زیاتر لە پێنج تۆن گۆشتی خراپبوو فڕێدراوە
فۆتۆ: 
2019-03-22

1649 جار خوێندراوەتەوە

سەرپەرشتیاری پزیشکی کوشتارگەی سلێمانی رایگەیاند، لە رۆژانی نەورۆزدا زیاتر لە ١٠ھەزار سەر ئاژەڵ سەربڕدراون و بەشێکی زۆر لە گۆشتی خراپبووش لەناوبرداون.

شاڵاو عارف سەرپەرشتیاری پزیشکی کوشتارگەی سلێمانی ئەمرۆ هەینی (٢٢ی ئازاری ٢٠١٩) بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لە ماوەی پێنج ڕۆژدا لە کوشتارگەی سلێمانی ٨ هەزار و ٩٩٣ سەر ئاژەڵی بچوک و ٨٤٧ سەر ئاژەڵی گەورە سەربڕدراوە و پێنج  تۆن و ٣٠٠ کیلۆ گۆشتی خراپبووش کە زیانی بۆ ھاووڵاتیان ھەبووە ڕەتکراونەتە  و سوتێندراون، ٧٠٣ پارچەی ناولەشی ئاژەڵەکان کە زیانیان بۆ تەندروستی مرۆڤەکان ھەبووە لەناوبراون.

وتیشی لەسەر ئاستی پارێزگاکانی هەرێم، پارێزگای سلێمانی پلەی یەکەمی هەیە لە بەکارهێنانی گۆشتی سوردا.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوان لە کوشتارگەکاندا دوو جۆر پشکنین بۆ ئاژەڵەکان دەکەن، پشکنینی پێش سەربڕین و پشکنینی دوای سەربڕین.

رونیشیکردەوە، دیاردەیەک لەسەر شەقامەکان بەدی دەکرێت و ئێستاش بەردەوامی هەیە، کە ئەویش فرۆشتنی گۆشتی سورە بە نرخێکی هەرزانتر بە هاوڵاتیان، ئەو جۆرە گۆشتە لە پشکنینی تەندروستی پێش سەربڕین دەرناچێت و ئەوان رەتی دەکەنەوە و دواتر خاوەنەکەی بە نرخێکی هەرزانتر لە شەقامەکان دەیفرۆشێت.

راشیگەیاند، ئەو جۆرە گۆشتانە ئەگەری ھەیە ھەڵگری کۆمەڵێک نەخۆشی بن کە زیانی زۆریان دەبێت بۆ تەندروستی مرۆڤ کە ئەمە ڕاستەوخۆ کاریگەریەکانی دەردەکەوێت.

سەرپەرشتیاری پزیشکی کوشتارگەی سلێمانی باسی لەوەشکرد، داوا لە تەواوی ھاووڵاتیان دەکات کە ئەو گۆشتە نەکڕن و بەکاری نەھێنن، چونکە مەترسی زۆری توشبونی بە چەندین نەخۆشی هەیە.

لە هەرێمی کوردستان لە جەژن و رۆژانی نەورۆز و بەهاردا بەهۆی زۆری خواستی گۆشت لە بازاڕەکاندا نرخی گۆشت بەرز دەبێتەوە.

د.ن