سەردێڕ:

پۆلیسی سلێمانی: کەسێک بە تۆمەتی کوشتنی هاوڵاتییەک دەستگیرکرا

کۆنفرانسی رۆژنامه‌نووسی پۆلیسی سلێمانی
فۆتۆ: ئێن ئاڕ تی
2019-03-21

7578 جار خوێندراوەتەوە

پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، ئەو کەسەیان دەستگیرکردووە کە شەوی رابردوو لە گەڕەکی کانی کوردە کەسێکی کوشتووە.

سەرکەوت ئەحمەد وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، هێزەکانی بنکەی پۆلیسی سەرچنار ئەو کەسەیان دەستگیرکردووە کە شەوی رابردوو لە گەڕەکی کانی کوردە کەسێکی کوشتووە.

دەربارەی چۆنییەتی رووداوەکەش ئاشکرایکرد، شەوی رابردوو چەند کەسێک چوونەتە سەر ماڵیک کە کێشەی کۆمەڵایەتیی هەیە لەنێوانیاندا و تەقەکراوە، لە ئەنجامی تەقەکردنەکەشدا کەسیک برینداربووە و دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە.

وتیشی، پۆلیسی سەرچنار توانی تەقەکەرەکان دەستگیربکەن و لە ئێستادا هەر سێ دەستگیرکراوەکە بە تۆمەتی بەشداریکردنیان لە تەقەکردنەکەدا بە بڕیاری دادوەر بەندکراون.

سەرکەوت ئەحمەد لەبارەی رووداوێکی رفاندنەوە زانیاری بە رۆژنامەنووسان داو و ئاماژەی بەوەدا، ١٨ی ئازاری ٢٠١٩ کەسێک لە نزیک پردی کۆبانی رفێنراوە و بردوویانە بۆ دەباشان و سێ شەو لای رفێنەرەکان دەستبەسەر بووە.

رفێنەرەکان داوای پێنج هەزار دۆلاریان لێکردووە بۆ ئازادکردنی، دواتریش کەسەکەیان هێناوەتەوە بۆ سلێمانی و لە یانەیەکی شەوانەدا دایانناوە، دواتر کەسەکان پەیوەندی بە خێزانی رفێنراوەکەوە دەکەن و بۆ ئازادکردنی کوڕەکەیان داوای هەمان بڕە پارە دەکەن.

وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی ئاشکراشی کرد، پۆلیسی سەرچنار توانیویانە کەسە بەبارمتە گیراوەکە رزگاربکەن و بەتۆمەتی تێوەگلانیان لە تاوانەکەشدا سێ تۆمەتبار دەستگیرکراون.

ع.ا