سەردێڕ:

رۆڵی ئۆپۆزسیۆن لە چاککردنەوەی رێگەی سماقوڵییدا

پرسی چاککردنی رێگەی سماقوڵی
رێگەی سماقوڵی
فۆتۆ: ئێن ئاڕ تی
2019-03-19

9260 جار خوێندراوەتەوە

لە پەنا چەقبەستنی گفتوگۆكانی پێكهێنانی كابینەی مەسرور بارزانی بەهۆی ناكۆكییەكانی پارتی و یەكێتییەوە، جموجوڵ و بزاوتێكی گەرم و نوێ لەناو كایەی سیاسیی كوردستان دەگوزەرێت.

ئەم بزاوتە خۆی لە هاتنەكایەی جۆرێكی نوێ لە ئۆپۆزسیۆنبووندا دەبینێتەوە كە "جوڵانەوەی نەوەی نوێ" ئاڵا هەڵگریەتی و، بۆ كاركردن چاوەڕوانی تەواوبوونی وێنە و كڵێشە تەقلیدییەكانی حوكمڕانی ناكات، كە ٢٨ ساڵە لە كوردستان بە شێوازی جۆراوجۆر دووبارە و چەندبارە دەبنەوە.

نوێترین وێستگەی كاری ئەم ئۆپۆزسیۆنە، خستنەژێر بەرپرسیارێتیی دەسەڵات بوو لە چاككردنەوەی پردی سەر بەنداوی سماقوڵی، کە ماوەی سێ ساڵە بەو شێوەیە بەجێهێڵراوە.

ڕێگایەك كە شادەماری بەستنەوەی پایتەختی سیاسیی هەرێمی كوردستان و پایتەختی ڕۆشنبیرییەكەیەتی بەیەكترەوە و، لەسەر ئەو هەموو داهاتی نەوت و بەشە بودجەیەی بەغدا، دەسەڵاتی هەولێری خاوەن بودجە و سلێمانیی خاوەن نفوز لە جوگرافیای بەنداوەكە پێیان چاكناكرێت.

ئەوەی لە سماقوڵی ڕوویدا، بە ڕواڵەت ڕێگریكردنە لە شاسوار عەبدولواحید بۆ ڕاستكردنەوەی بارێكی لاری حكومەت بە تێچوون و كاتێكی زۆر كەمتر لەوەی حكومەت، بەڵام بەپێی ئەو دەرەنجام و پێشهاتانەی لەم ڕووداوەوە دەرچوون، لە ناوەڕۆكدا سەرەتای قۆناغێكی نوێی كاركردن و بەرەنگاربوونەوەی سستی و كەمتەرخەمیی دەسەڵاتە.

ئەو لێشاوی داواكاریی و بانگهێشتانەشی لە خەڵكەوە ئاراستەی شاسوار عەبدولواحید دەكرێن بۆ چاككردنەوەی رێگا و پردە وێران و داڕووخاوەكان، بەڵگەیەكی زیندووی بەردەستن لەسەر ئەم ڕاستییەی کە خەڵک بێهیوا بوون لەم حکومەت و دەموچاو و دوو حیزبە تەقلیدییەی دەسەڵات و، ناكرێت حاشایان لێ بكرێت.

زۆرێك لەوانەی لەسەر پردەكەی سماقوڵی قسەیان كردووە پێیانوایە، حكومەتیش چاكی بكاتەوە، هەر دەسكەوتی سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ شاسوار عەبدولواحیدە چونكە ئەگەر ئەو دەستپێشخەری و تەحەدایەی ئەو نەبوایە، ئەوە هەمان چارەنووسی پرۆژە پەككەوتووەكانیتر چاوەڕێی دەكرد و ڕەنگە بەدەردی نەخۆشخانەی بریندارەكانی كیمیایی هەڵەبجەش بڕۆشتایە كە پاش ١٠ ساڵ كاركرن و كردنەوەی پڕۆژەكەش هێشتا بەكەڵكی نەخۆشەكان نایەت.

بەدەر لە چاككردنەوە یان مانەوەی رێگاكەی هەولێر وەك خۆی، لە ئێستادا سەرەكیترین پرسیار كە ڕوبەڕووی حكومەت دەبێتەوە ئەوەیە كە خۆی كارێكی پێ چاك ناكرێت، چۆن و بۆچی رێگریی لەخەڵكیتر دەكات چارەسەری بۆ بدۆزنەوە؟!

ئەم پرسیارە لە چەند رۆژی ڕابردووشدا بەگەرمی سەریهەڵدا، پاش ئەوەی حكومەت كەناڵێكی پەروەردەیی منداڵانی لە پەخشی ناوخۆیی ڕاگرت، لەكاتێكدا كە دەرگای بۆ چەندین كەناڵی سەما و گۆرانی بێ ئامانج واڵا كردووە.

سەرەنجامی ئەم هەنگاوانەش باوەڕێكی وای دروستكردوە كە حكومەت دەیەوێت بڵێت، "خۆمان خراپین و رێگەش نادەین کەس لەم وڵاتەدا باش و خزمەتگوزار و پیاو چاک بێت".

بەڵام سەرۆكی فراكسیۆنی جوڵانەوەی نوێ لە پەڕلەمان، د. كازم فاروق تەسلیم بوون بەم پەیامە ناواخنەی حكومەت ڕەتدەكاتەوە و باس لەوە دەكات مەرج نییە هێزی چەکدارت هەبێت بۆ ئەوەی حکومەت ناچار بکەیت بە كاركردن، بەڵکو زۆر جار پشتیوانی و کاردانەوەی خەڵک و بەكارهێنانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هێزێكت پێ دەبەخشن كە لەهی چەك كەمتر نییە.

د. كازم جەخت دەكاتەوە سماقوڵی تەنها ئەزموونی چاککردنەوەی پردێک نەبوو، بەڵکو خەڵکی ئاشنا کرد بە شێوازێکی نوێی ئۆپۆزسیۆن و لەمەودا ''نەوەی نوێ'' سەرباری ئەوەی رکابەریی دروست دەکات لەسەر خزمەتكردن، هاوکات حکومەتیش ناچار دەکات، لە رقی کەسە دڵسۆزەکان خزمەتی ئەو خەڵکە بکات کە پێشتر دەیچەوساندنەوە و لەکۆتاییشدا براوەی یەکەمی ئەم ململانێ و ڕکابەرییە هاوڵاتییە.

ع.ا