سەردێڕ:

عەرەب و تورکمانەکان داوای مۆڵەتی ئاهەنگگێرانی نەورۆز لە پارێزگاری کەرکوک دەکەن

یەکێگ لە ئاهەنگەکانی نەورۆز لە کەکوک
فۆتۆ: ئەرشیف
2019-03-19

6356 جار خوێندراوەتەوە

هەریەکە لە لایەنە عەرەب و تورکمانەکانی شاری کەرکوک داوای مۆڵەت وەرگرتن لە پارێزگاری شارەکە دەکەن بەبۆنەی ئاهەنگەکانی نەورۆزەوە لە قەڵای کەرکوک ئاهەنگ بگێڕن.

بەگوێرەی نوسراوێک کە بەرەی تورکمانیی عێراقی ئەمڕۆ سێشەممە (١٩ی ئازاری ٢٠١٩) ئاراستەی پارێزگاری کەرکوکی کردووە، داوادەکات مۆڵەتیان بدەنێ بۆ بەشداریکردن لە ئاهەنگەکانی نەورۆزدا لەسەر قەڵای کەرکوک.

لە نوسراوەکەدا هاتووە، "بەرەی تورکمانیی عێراقی خواستی هەیە بەبۆنەی جەژنەکانی بەهارەوە ئێوارەی چوارشەممە ٢٠ی ئازار ئاهەنگێکی جەماوەری لەسەر قەڵای کەرکوک ڕێکبخات."

لەلایەکی ترەوە بە هەمان شێوە ئەنجومەنی عەرەبی شاری کەرکوک داوای لە پارێزگاری کەرکوک کردووە، بەبۆنەی جەژنەکانی بەهارەوە ئاهەنگێکی جەماوەریی فراوان بۆ پێکهاتەی عەرەبی شارەکە ڕێکبخات.

لە نوسراوەکەدا هاتووە، "بەبۆنەی جەژنەکانی نەورۆزەوە ئەنجومەنی عەرەبی لە کەرکوک، ئێوارەی ڕۆژی ٢٠ی ئازار ئاهەنگێکی جەماوەریی فراوان سازدەکات، داواکارین ڕەزامەندی نیشانبدەن."

ئەوەش لەکاتێکدایە، لایەنە کوردییەکانی شاری کەرکوک لە ئامادەکاریدان بۆئەوەی ئێوارەی سبەینێ ٢٠ی ئازار، لەسەر قەڵای کەرکوک ئاهەنگێکی جەماوەریی فراوان بەبۆنەی جەژنی نەورۆزە ڕێکبخەن.

ع.م