سەردێڕ:

کاردانەوەی هاوڵاتییان لەسەر ڕێگریکردن لە تیمی ئەندازیاریی نەوەی نوێ

فۆتۆ: 
2019-03-19

11582 جار خوێندراوەتەوە

دواى ئەوەى شەوى دووشەممە ڕێگری لە تیمى ئەندازیاریی نەوەى نوێ کرا، بە مەبەستى چاککردنەوەى ڕێگاى بەنداوى سماقوڵى کەرەستەکانیان بگوازنەوە بۆ نزیکى بەنداوەکە، جارێکى دیکە هاوڵاتییان وەکو کاردانەوەیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان باسی ئەو ڕێگرییەیان کرد.

ناردنی تیمی چاککردنی ڕێگای سماقوڵی لەلایەن پارتییەوە بووە لە هەولێرەوە، لەکاتێکدا قەزای کۆیە لە دوای شەڕی ناوخۆوە بە جێ نفوزی یەکێتی ئەژمارکراوە، لەو چوارچێوەیەشدا هاوڵاتییەک لە فەیسبووک نوسیوویەتى، دواى پۆستێكی شاسوار عە‌بدولواحید لە فە‌یسبووك ھە‌ر ئەو شەوە خێرا پارتی تیمێك دە‌نێرێ بۆ چاككردنە‌وە‌ی ڕێگاكە‌ و، یە‌كێتییش ھێزێك دە‌نێرێ بۆئە‌وە‌ی حە‌رە‌سیات بۆ تیمە‌كە‌ بگرێ.

هاوڵاتییەکى دیکە دەڵێت، دەبوایە خەڵکى ئەو ناوچەیە خۆیان بهاتنایە پشتگیرییان لەو ستاف و کەلوپەلانە بکردایە، کە بۆ خزمەتى ئەوان هێنراون بۆ چارەسەرکردنى کێشەى چەند ساڵەیان.

هاوڵاتییەکى دیکەش نوسیوویەتى، تەحەداکەی  شاسوار ئەگەر ڕێگریشی لێ بکرێت، جوانترین بیرۆکە و تەحەدای کردارییە بەرامبەر بە دەسەڵات، کە تا ئیستا هیچ حیزبێک نەیکردووە.

هاوڵاتییەکى دیکە باسی لەوە کردووە، کاک شاسوار تۆ وەرە سەر خەت و واز لە بەنداوی سماقوڵی بێنە، ئەم هەرێمە زۆر شوێنى هاوشێوەی بەنداوی سماقوڵی تێدایە، بەڵکو حکومەت هەستی بجوڵێت و چاکیبکاتەوە.

هەر لە فەیسبووک لە چەند کاتژمێری ڕابردوودا چەندین هاشتاگی جیاواز لەسەر ئەو بابەتە بڵاوکرایەوە و، چەندین وێنەی جیاواز لە خراپیی ڕێگاوبانەکانی هەرێم دانراون و تیایدا هاوڵاتییان داوایانکردووە فشاری دیکە دروستبکرێت بۆ چاککردنی ڕێگاکان.

هاوڵاتییەکى دیکەش نوسیوویەتى، ئه‌م وڵاته‌ پڕیه‌تى له ‌سماقوڵى، وێرانكراویى عه‌قڵیه‌تى ئه‌م دوو حیزبه‌ و هاوپه‌یمانه‌كانیانە، له ‌هه‌ر شوێنێكه‌وه‌ ده‌ڕۆیت سه‌دان سماقوڵى ده‌بینیت، ئه‌وان له ‌شاخه‌وه‌ هاتن و وێرانیان كرد، نه‌وه‌یه‌كى تر ده‌یه‌وێت ئاوه‌دانى بكاته‌وه‌، شوێنه‌واره‌ خراپه‌كانى ئه‌وان بگۆڕێت بۆ خزمه‌تگوزاریى و پلان و خزمه‌تكردن، ئه‌وه‌تا ڕێگه‌ش ناده‌ن ئه‌و نه‌وه‌یه‌ى ئاوه‌دانیی وڵاتى ده‌وێت، پرده‌ ڕووخاوه‌كه‌ى ئه‌وان له‌سه‌ر گیرفانى خۆى نۆژه‌نبكاته‌وه‌.

یەکێکی تر دەڵێت، ئۆپۆزسیۆنى کارا با هەبێت، کێبڕکێى شەریفانەش با هەبێت، لەو نێوەندەدا کۆمەڵانى خەڵک سوودمەند دەبن.

ع.م