سەردێڕ:

ڤیدیۆ.. خوێندنی قورئانی پیرۆز لە پەرلەمانی نیوزلەندا

فۆتۆ: 
2019-03-19

8607 جار خوێندراوەتەوە

له‌ ئه‌نجوومه‌نی فیدراڵیی نیوزیلاند قورئانی پیرۆز بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ خوێندرا كه‌ له‌ هێرشه‌ تیرۆریستییه‌كه‌ی سه‌ر دوو مزگه‌وته‌كه‌ی شاری كرایستچێرچدا گیانیان له‌ده‌ستدا.

له‌ هه‌واڵێكدا كه‌ دامه‌زراوه‌ی میدیایی گشتیی نیوزیلاند TVNZ بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، یه‌كه‌م دانیشتنی ئه‌نجوومه‌نه‌كه‌ له‌دوای هێرشه‌ تیرۆریستییه‌كه‌، به‌ خوێندنه‌وه‌ی چه‌ند ئایه‌تێك له‌ قورئانی پیرۆز ده‌ستیپێكردووه‌

گوتاربێژ نیزامولحه‌ق سانه‌وی، ئایه‌ته‌كانی ١٥٣ تا ١٥٦ له‌ سووره‌تی به‌قه‌ڕه‌ له‌ په‌رله‌ماندا خوێنده‌وه‌. له‌دوای ئه‌ویش گوتاربێژ تاهیر نه‌واز، ئایه‌ته‌كانی بۆ ئینگلیزی وه‌رگێڕا. ئه‌و ئایه‌تانه‌ی خوێندرانه‌وه‌ به‌مشێوه‌یه‌یه‌:

"ئه‌ی ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕتان هێناوه‌! له‌ رێگه‌ی ئارامگریی و نوێژه‌وه‌ داوای هاوكاریی بكه‌ن. بێگومان خوای گه‌وره‌ پشتیوانی ئه‌وانه‌یه‌ كه‌ ئارام ده‌گرن (١٥٣) به‌وانه‌ی كه‌ له‌ رێگه‌ی خوای گه‌وره‌دا گیانیان سپاردووه‌ مه‌ڵێن 'مردوو'. نه‌خێر ئه‌وانه‌ زیندوون، به‌ڵام ئێوه‌ ناتوانن ئه‌مه‌ بزانن (١٥٤) په‌یمان بێت، ئێوه‌ به‌ كه‌مێك ترس و برسێتیی، كه‌میی ماڵ و گیان و به‌رهه‌مه‌كان تاقیده‌كه‌ینه‌وه‌. مژده‌ بده‌ره‌ ئه‌وانه‌ی كه‌ ئارام ده‌گرن (١٥٥) ئه‌وانه‌ كاتێك به‌ڵایه‌كیان به‌سه‌ردا دێت، ده‌ڵێن 'ئێمه‌ بێ گومان (به‌هه‌موو شتێكمانه‌وه‌) سه‌ربه‌ خوای گه‌وره‌ین و بێ گومان بۆ لای ئه‌و ده‌گه‌ڕێینه‌وه‌ (١٥٦)".  

له‌ هه‌واڵه‌كه‌دا گرته‌یەکی ڤیدیۆیی بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌ ماڵپه‌ڕی TVNZدا بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ و، له‌سه‌ری نووسراوه‌ "ئه‌و نزا كاریگه‌ره‌ی ئیمام خوێندیەوە له‌ په‌رله‌مان ده‌نگی دایه‌وه‌".

سه‌رۆكی په‌رله‌مان، تریڤۆر مالاد رایگه‌یاند "ئه‌مڕۆ داوام له‌ گرووپێك رابه‌ر كرد كه‌ بۆ خستنه‌ڕووی یه‌كێتیی و به‌یه‌كه‌وه‌ بوونمان له‌گه‌ڵمدا بێنه‌ ناو هۆڵی په‌رله‌مانه‌وه‌. له‌به‌رئه‌وه‌ نزای كردنه‌وه‌ی ئه‌مڕۆمان له‌ ئاسایی زیاتری پێده‌چێت".

دوای كردنه‌وه‌ی دانیشتنه‌كه‌، سه‌رۆكوه‌زیران، جاسیندا ئاردێرن به‌ناوی حكوومه‌ته‌وه‌ یه‌كه‌م قسه‌ی كرد و به‌ گووتنی "السلام علیكم" ده‌ستی به‌ گوتاره‌كه‌ی كرد.

ئاردێرن یادی قوربانیانی په‌لاماره‌ تیرۆریستییه‌كه‌ی كرده‌وه‌ و رایگه‌یاند "ئه‌وان خه‌ڵكی نیوزیلاند بوون، ئه‌وان له‌ ئێمه‌ بوون. له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌ ئێمه‌ بوون ماته‌مینیان بۆ ده‌گێڕین".

جاسیندا ئاردێرن پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشی له‌ كه‌سوكاری ئه‌و كه‌سانه‌ كرد كه‌ له‌ په‌لاماره‌ تیرۆریستییه‌كه‌دا شه‌هید بوون و گوتی: "ناتوانین هه‌موو ئازاره‌كانتان له‌گه‌ڵ به‌شكه‌ین، به‌ڵام له‌هه‌موو كاتێكدا له‌پاڵتانین".

هاوكات ئاردێرن سوپاسی ئه‌و كه‌سانه‌ی كرد كه‌ رێگریان له‌ تیرۆریسته‌كه‌ كردووه‌ و ئه‌و پۆلیسانه‌شی ده‌ستگیریان كردووه‌.

ع.م