سەردێڕ:

پارتی و گۆڕان کاردەکەن بۆ کاراکردنەوەی سەرۆکایەتیی هەرێم بە هەموو دەسەڵاتەکانییەوە

لۆگۆی سەرۆکایەتی هەرێم
فۆتۆ: ئێن ئاڕ تی
2019-03-19

1674 جار خوێندراوەتەوە

پارتی دەیەوێت پێش پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم، لە ڕێگەی ئەو پرۆژە یاسایەی کە ئامادەی کردووە، سەرۆکایەتیی هەرێم کارابکاتەوە و سەرۆکێکی نوێ بۆ هەرێمی کوردستان هەڵبژێرێت.

هاوکات محەمەد تۆفیق رەحیم ئەندامى خانەى راپەڕاندنى گۆڕان رایگەیاند، دەبێت سەرۆکایەتى هەرێم کارابکرێتەوە، چونکە بێ ئەوە حکومەت پێکنایەت.

باسی لەوەشکردووە، فراکسیۆنى گۆڕان لە هەموو دانیشتنەکاندا ئامادەبوون و دەبێت لە پرسی کاراکردنەوەى سەرۆکایەتى هەرێمیشدا بەشداربن.

ئەگەر لە خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستاندا، پرسی سەرۆکایەتی هەرێم پەیوەندییەکانی پارتی و گۆڕانی بەرەو خراپترین ئاست بردبێت و بوبێتە هۆی پەکخستنی پەرلەمان بۆ ماوەی دوو ساڵ، ئەوا لەم خولەدا بە پێچەوانەوە هەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم و کاراکردنەوەی ئەو دەزگایە، یەکێکە لەو خاڵە هاوبەشانەی پارتی و گۆران بە هاوتەریبیی کاری لەسەر دەکەن و رێککەوتنیان لەسەر ئەو پرسە هەیە، پرسێک کە  پێشتر پڕۆژەی پارتی بووە، نەوشیروان موستەفا رێکخەری پێشوی بزوتنەوەی گۆڕان دژی بووە و لەگەڵ ئەوەدا بوو پۆستی سەرۆکی هەرێم تەشریفاتیی بێت وهاوشێوەی بەغدا لەناو پەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت.

ئەم لێدوانەش بووە هەوێنی قسەیەکی جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ کە باسی ئەو پرۆژەیەی نەوشیروان موستەفا کرد و، هەڵوێستی فراکسیۆنەکەشی راگەیاند،  بەوەی رەشنوسی پڕۆژە یاسایەکیان ئامادەیە، بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم لەناو پەرلەماندا، کە تیایدا باس لەوە کراوە ئەگەر سەرۆکی هەرێم لەناو پەرلەماندا هەڵبژێردرێت ئەوا دەبێت دەسەڵاتەکانی ڕەمزی بن هاوشێوەی بەغدا.

ئاماژە بەوەشدەکات، لە خولی پێشوو چوار لایەنی هەرێم پڕۆژە یاسایەکیان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم لە پەرلەمانەوە ئامادەکرد.

لەئێستادا باس لەوە دەکرێت ئەگەر سیستمی حکومڕانیی لە هەرێم بکرێتە پەرلەمانیی بەهەمان دەسەڵاتەکانی ئێستای سەرۆکایەتی هەرێمەوە، ئەوا ناتوانرێت پێی بوترێت سیستمی پەرلەمانیی، چونکە بەم جۆرەی ئێستا پەرلەمان ناتوانێت لێپرسینەوە لە سەرۆکی هەرێم بکات.

ع.ا