سەردێڕ:

عەبدولمەهدی ڕێوشوێنەکانی سەبارەت بە ڕووداوەکانی شنگال ئاشکرا کرد

دوای پێکدادانەکانی سوپای عێراق و یەبەشە
فۆتۆ: 
2019-03-19

8806 جار خوێندراوەتەوە

عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕێوشوێنەکانی تایبەت بە تێکهەڵچوونە چەکدارییەکانی نێوان سوپای عێراق و شەڕڤانانی یەبەشە لە قەزای شنگال ڕاگەیاند.

عەبدولمەهدی لە کۆنفڕانسی ڕۆژنامەوانیی هەفتانەی خۆیدا ئەمڕۆ سێشەممە (١٩ی ئازاری ٢٠١٩) ڕایگەیاند، حکومەتی بەغدا کۆنترۆڵی پەرەسەندنەکانی دۆخی شنگالی کردووە و، ڕێوشوێنی پێویستی گرتووەبەر سەبارەت بە ڕووداوەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوو.

ئەو وتانەی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەکاتێکدایە، پەیامنێری ئێن ئاڕ تی ڕایگەیاند، پێکدادانەکە لە نزیک گوندی مەدبان بووە لە قەزای شنگال و بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان لە شەڕەکەدا دوو سەربازی سوپای عێراق برینداربوون.

ئاشکراشیکرد، لە ئێستادا شەڕ وەستاوە، بەڵام هێزى هەردوولا بەرامبەر یەکتر وەستاون و مەترسیی دووبارە دروستبوونى پێکدادان هەیە.

ئەوەشی وت، دوو لیوای سوپای عێراق بە چەکی قورسەوە لە تەلەعفەرەوە بۆ دەوروبەری شنگال جوڵێنراون و سەرجەم دەروازەکانى شنگالیان گرتووە.

شەوی (١٧ی ئازاری ٢٠١٩) لە ئەنجامی شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوە لە نێوان سوپای عێراق و یەکینەکانی بەرخۆدانی شنگال، دوو کەس کوژراون و ٦ کەسی دیکەش برینداربوون.

شانەی جەنگیی سوپای عێراق پێشتر بڵاویکردبووەوە، هێزێکی سەربە "پەکەکە" دەستدرێژییان کردووەتە سەر خاڵێکی پشکنینی سەربە فەوجی یەکی لیوای ٧٢ی فەماندەیی ئۆپراسیۆنەکانی نەینەوا، دوای ئەوەی یەکێک لە سەربازەکانی خاڵی پشکنینەکە داوای مۆڵەتی فەرمیی تیپەڕبوونی لێ کردووە بۆئەوەی تێپەڕن، بەڵام ئەو هێزە سەربازێکیان کردووە بەژێر ئوتۆمبێلەکانیانەوە و ڕووبەڕووبوونەوەی چەکداری لە نێوان هەردوولادا درستبووە و، لە ئەنجامدا دوو سەربازی سوپای عێراق کوژراون و پێنج شەڕڤانی یەبەشەش برینداربوون.

ع.م