سەردێڕ:

هەسەدە کۆنترۆڵکردنی کامپی باغۆزی ژێردەستی داعشی لە سوریا ڕاگەیاند

شەڕی دوا پێگەی داعش
کامپی باغۆزی لە سوریا
فۆتۆ: 
2019-03-19

8241 جار خوێندراوەتەوە

هێزەکانی سوریای دیموکرات "هەسەدە" ڕایگەیاند، کۆنترۆڵی تەواوی کامپی باغۆزی یەکێک لە دوا پێگەکانی داعشیان کردووە لە نزیک سنوری هاوبەشی عێراق و سوریا.

لێپرسراوی ڕاگەیاندنی هەسەدە ڕایگەیاند، هێزەکانیان بە تەواوی کۆنترۆڵی کامپی باغۆزیان کردووە، کە چەکدارانی داعش خۆیان تێدا قایم کردبوو، بەڵام هێشتا ئۆپراسیۆنەکە کۆتایی نەهاتووە.

ئاماژەی بەوەش کردووە، هێشتا ژمارەیەک لە چەکدارانی داعش لە ناوچەیەکی بچووکی کەناری ڕووباری فورات ماون و خۆیان نەداوە بەدەستەوە، بەڵام هێشتا نازانن بەرگری دەکەن یان خۆیان ڕادەستی هێزەکانیان دەکەن.

لە بەشێکی تری وتەکانیدا ئەو لێپرسراوەی هەسەدە ئاشکرایکرد، بە سەدان چەکداری داعش، کە زۆربەیان بریندارن، لەکاتی کۆنترۆڵی کامپەکەدا دەستبەسەرکراون و گوێزراونەتەوە بۆ پارێزگای حەسەکە لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا.

ئەوەش دوای ئەوە دێت ئاژانسی هاوار نیوزی نزیک لە یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) ئەمڕۆ بڵاویکردەوە، ئۆپراسیۆنی گەردەلوولی جەزیرە، کە بۆ کۆنترۆڵکردنی دوا پێگەی داعش لە پارێزگای دێرەزوور ماوەیەک لەمەوبەر دەستیپێکردووە، لە ئێستادا گەیشتووەتە قۆناغەکانی کۆتایی.

ئاماژەی بەوەش کرد، هەر ئەمڕۆ ١٥٧ چەکداری داعشی بیانی دەستگیرکراون، لەکاتێکدا ویستوویانە لە کامپی باغۆز هەڵبێن.

لە ئێستادا شەڕی چەکدارانی داعش لە سوریا، گەیشتووەتە دوا پێگەی ئەو ڕێکخراوە لە ناوچەی باغۆزی سەربە پارێزگای دێرەزوور لە ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فورات، کە سەدان چەکداری داعش خۆیان ڕادەستی هێزەکانی سوریای دیموکرات کردووە، کە بە هاوکاریی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی ئۆپراسیۆنی کۆتاییان بۆ سەر ئەو ناوچەیە دەستپێکردووە.

ع.م