سەردێڕ:

هێزێکى زۆری چەکدار ڕێگای سماقوڵی داخست

ڕێگەیان نەدا تیمی نەوەی نوێ ڕێگاکە چاک بکەن
فۆتۆ: 
2019-03-19

27329 جار خوێندراوەتەوە

هێزێکى زۆری چەکداری لەسەر ڕێگای سماقوڵی بڵاوەی پێکراوە و ڕێگاکەشیان بە ڕووی هاوڵاتیاندا داخستووە.

هاوڵاتییەکی  دانیشتوی نزیک لە ڕێگاکە بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی ڕایگەیاند، لە ئێستادا  لەلایەن ئەو هێزەوە ڕێگاکە داخراوە و ڕێگە بە کەس نادەن تێپەرێت.

وتیشی ، تیمەکانی حکومەت تەنها دوو ئامێر کە شۆفڵێک و بیلدۆزەرێکە هێناویانەتە  سەر ڕێگاکە و بەڵام کار ناکەن.

ئەمەش لە دوای ئەوە دێت ، ئەمشەو چەند ئۆتۆمبێل و پێداویستیەکەی نەوەی نوێ بە مەبەستى چاککردنى ڕێگاکە بۆ نزیک بەنداوى سماقوڵى نێردران، هێزێکى چەکدار ڕێگرى لە ئەو کەلوپەل و ئۆتۆمبێلانە کرد و گەڕاندیانەوە.

 شۆفێرى ئۆتۆمبێلێک کە شیشی بارکردبوو بە وتەى خۆى هێزێکى ئەمنى لە نزیک بەنداوەکە بڵاوەیان پێکراوە و ڕێگرى لە ئۆتۆمبێلەکان کراوە   و چەند کەلوپەلێکیشی لێسەنراوە.

تیمە ئەندازیارییەکەی نەوەی نوێ ئاماژەیان بەوەکرد، لەکاتى گەیشتنى کەرەستە و ئۆتۆمبێلەکان هێزێکى زۆرى چەکدار لە دەوروبەرى بەنداوەکە بڵاوەیان پێکرابوو بەو هۆیەوە هەموو کەرەستەکان کە گواسترابوونەوە گەڕێندراونەتەوە.

ڕاشیانگەیاند، کەرەستەکان بریتیبوون لە بۆرى ئاسن و شیش و کۆنکرێت و کارەبا و چەندین پێداویستى دیکە کە بۆ کارکردن لە ڕێگاکە ئامادەیانکردبوو

 ئەوە لەکاتێکدایە هاتنى ئەو ئۆتۆمبێل و کەرەستانەى نەوەى نوێ بە مەبەستى ئامادەکاری بوو بۆ چاککردنى ڕێگاى بەنداوى سماقوڵى کە بڕیاربوو ئەمڕۆ کاتژمێر ٧ دەستیپێبکرێت.