سەردێڕ:

دەستەى دەسپاکى: ئەو بەڵێننامەیەى بە فەرمانبەران پڕدەكرێتەوە بۆ نەهێشتنى گەندەڵییە

ئەحمەد ئەنوەر سەرۆکى دەستەى دەسپاکى هەرێم
فۆتۆ: ئێن ئاڕ تی
2019-03-14

2701 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکى دەستەى دەسپاکى هەرێم ڕایگەیاند، بەڵێننامەى ڕەفتارى پیشەیی، کە بەسەر فەرمانبەران و مامۆستایان دابەشکراوە، بە مەبەستى نەهێشتنى گەندەڵییە لە کەرتى گشتیدا.

ئەحمەد ئەنوەر لەمیانەى بەشداریکردنى لە بەرنامەى تاوتوێی ئێن ئاڕ تیدا ئاماژەى بەوە کرد، سەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەران دڵنیادەکەنەوە پرسی ئازادیی ڕادەربڕین و خۆپیشاندان پەیوەندیی نییە بەو بەڵێننامەیەوە و ئەوە یاسای خۆی هەیە، بەڵام ڕێنماییەکان پەیوەندییان بە ئەرکى فەرمانبەرەوە هەیە لە شوێنى کارەکەى و مەبەست لێی کاراکردنى دامەزراوەى گشتییە.

ڕوونیشیکردەوە، بەپێی بەڵێننامەکە دەبێت فەرمانبەر بە دەسپاکی و بێ لایەنانە و بەبێ جیاوازی حزبی و ناوچەگەرى کارەکانى بکات و، نابێت شوێنى کارەکەى بۆ مەبەستى حزبی بەکاربهێنێت.

سەرۆکى دەستەى دەسپاکى وتیشی، تا ئێستا نزیکەى ٢٠٠ دۆسیەى گەندەڵى لە سلێمانى و دهۆک و هەولێر چوونەتە دادگاکان و ٧٠ -٨٠ دۆسیەش یەکلاییکراونەتەوە و، زیاتر لە ١٠٠ دۆسیەش لە قۆناغى دادگاییکردندان.

ئ.ر