سەردێڕ:

هەنگاو: لە ماوەى ساڵێکدا ٣٧ ژن لە ڕۆژهەڵاتى کوردستان دەستبەسەرکراون

لە ماوەى ساڵێکدا ٣٧ ژنى کورد لە ئێران دەستبەسەرکراون
فۆتۆ: 
2019-03-07

660 جار خوێندراوەتەوە

بەپێی ڕاپۆرتێکى ڕێکخراوى مافی مرۆڤى هەنگاو لە ماوەى ساڵێکدا ٣٧ ژن لە ڕۆژهەڵاتى کوردستان لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانى ئێرانەوە دەستبەسەرکراون.

ڕێکخراوى مافى مرۆڤى هەنگاو ڕاپۆرتێکى لەژێر ناونیشانى (لە مارسەوە بۆ مارس) بڵاوکردەوە و، تیایدا ئامارى پێشێلکارییەکانى دژبە ژنانى کوردستانى ڕۆژهەڵاتى لە مانگى مارسی ٢٠١٨وە تا مانگى مارسی ٢٠١٩ بڵاوکردەوە.

بەپێی ئامارەکە لەو ماوەیەدا، ١٧ ژن بە تۆمەتی چالاکیی سیاسی و هاوکاریی حزبە کوردستانییەکانی دژى ئێران، ١٢ ژن بە تۆمەتی چالاکیی مەدەنی، چوار ژن بە تۆمەتی چالاکیی مەزهەبی و دوو ژن بە تۆمەتی چالاکیی کرێکاری و  دوو ژنیش، کە لە کۆچەرییەکانی باشووری کوردستان بوون، لەلایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەرکراون.

لە ئامارەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، زۆربەی ئەو ژنانەی کە دەستبەسەرکراون، خەڵکی پارێزگای سنە بوون و ١٥ حاڵەت بوون، ١٠ ژنیش لە پارێزگای کرماشان، حەوت ژن لە پارێزگای ئورمیە، دوو ژنیش لە پارێزگای ئیلام و دوو ژنی خەڵکی باشووری کوردستان و ژنێکیش لە پارێزگای لوڕستان دەستبەسەرکراون.

بەگوێرەى ئامارەکە، نۆ لە ژنە چالاکوانەکان حوکمی ١٧ ساڵ و پێنج مانگ و شەش ڕۆژ بەسەریاندا سەپێنراوە، لەگەڵ لێدانی ١٩٨ قامچی و پێبژاردنی بڕی ٤٠٠ هەزار تمەن.

ئەوە لەکاتێکدایە، سبەینێ ٨ى مارس ڕۆژى جیهانیی ژنانە و ساڵانە ڕێکخراوەکانى ژنان و مافى مرۆڤ چالاکیی تایبەت بەو ڕۆژە سازدەکەن و ئامارى ساڵانەی پێشێلکارییەکانى مافى ژنان بڵاودەکەنەوە.

ئ.ر