سەردێڕ:

سێ کۆڵبەری کورد بە هۆی سەرما و تەقەی هێزەکانی ئێرانەوە گیانیان لەدەستداوە

فۆتۆ: 
2019-03-04

709 جار خوێندراوەتەوە

لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا، سێ کۆڵبەری کورد لە سنورەکانی نێوان هەرێم و ڕۆژهەڵاتی کوردستان گیانیان لەدەستداوە و چوار کۆڵبەری دیکەش برینداربوون.

بەپێی ئامارێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کە گرنگی بە دۆخی مافی مرۆڤ دەدات لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕۆژی یەکشەممە کۆڵبەرێك بە ناوی"سەید واحید ئەحمەدی" بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژرا و کۆڵبەرێکی دیکەش برینداربووە.

هەروەها ڕۆژی شەممەش کۆڵبەرێکی دیکەی تەمەن ٢٩ ساڵی خەڵکی پیرانشار بە ناوی"محەمەد شەمایلی" لەسنوری حاجی عومەران بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران بریندارکرا.

لەلایەکی دیکەوە، ڕۆژی هەینیش دوو کۆڵبەری خەڵکی چاڵێدران بە ناوەکانی فەرهاد نەقشی و تاهیر ئەدیبی لەسنورەکانی ئەو شارە بەهۆی سەرمابردووی گیانیان لەدەستدا و کۆڵبەرێكی دیکەش بەناوەی بێهزاد حەیدەری توشی سەرمابردوویی بوو.

هەر هەمان ڕۆژ، کۆڵبەرێکی دیکەی خەڵكی ئورمیە بە ناوی"شەفیع سەمەدی" تەمەن ٢٦ ساڵان، لە سنوری تەرگەوەر بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران بریندارکرا.