سەردێڕ:

چیرۆکی ئەو دوو منداڵەی بەهۆی هەژارییەوە لە چێشتخانەیەک دەرکران

فۆتۆ: میدیاکان
2019-02-28

13476 جار خوێندراوەتەوە

دەرکردنی دوو منداڵ لە چێشتخانەیەک بەهۆی هەژارییەوە لە تونس کاردانەوەی لێکەوتەوە، هەڵمەتێک بۆ ڕێگریکردن لە چوون بۆ ئەو چێشتخانەیە ڕاگەیەنرا.

ماڵپەڕی سەیدەتی لە هەواڵێکدا نوسیوویەتی، ژن و پیاوێک لە خوانێکی بەیانیدا لە چێشتخانەیەک پێکەوە نان دەخۆن، دوو منداڵ لە دەرەوە دەبینن و هەستیان بۆی دەجوڵێت، هەربۆیە هەردوو منداڵەکە بانگهێشتی چێشتخانەکە دەکەن لەگەڵ خۆیان و لە هەمان مێز دایدەنیشێنن.

لەوکاتەی چاوەڕوانی خواردن دەکەن، خاوەنی چێشتخانەکە ڕازینابێت بە بوونی ئەو دوو منداڵە لە چێشتخانەکەی و داوادەکات بکرێنە دەرەوە، چونکە بۆنیان ناخۆشە و میوانانی چێشتخانەکە بێزار دەبن، هەرچەندە ژن و مێردەکە هەوڵیاندا خاوەنی چێشتخانەکە ڕازیبکەن، بەڵام بێسوود بوو، ناچار ژن و مێردەکە خواردنی منداڵەکانی بردە دەرەوەی چێشتخانەکە تا بیخۆن.

کچێک بە ناوی میسان وێنەی ئەو دوو منداڵەی گرتبوو کە لە چێشتخانەکە دانیشتبوون، دواتر بە شێوەی ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی ئێزگەی مۆزایک ئێف ئێم ئەو ڕووداوەی بۆ بیسەرانی ڕادیۆکە گێڕایەوە و ڕایگەیاند، شتێک زیاتر لە هەموو ڕووداوەکە بێزاریکردووە و پێی ناخۆشبووە، بێدەنگیی ئەو کەسانە بووە کە لە چێشتخانەکە بوون و هیچ هەڵوێستێکیان بەرامبەر خاوەنی چێشتخانەکە دەرنەبڕیوە لە بەرامبەر کردنە دەرەوەی منداڵەکان، بە جۆرێک ڕەفتاریانکردووە وەک ئەوە وابووە کە لە بەردەمیاندا هیچ ڕووینەدابێت.

ئەو هەواڵە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بە تایبەت لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بڵاوبووەتەوە و، ناڕەزایی ژمارەیەکی زۆر لە بەکارهێنەرانی ئەو تۆڕەی بەدوای خۆیدا هێناوە، بە جۆرێک هەڵمەتێکیان دژی چوون بۆ ئەو چێشتخانە ڕاگەیاند.

بەهۆی ئەو هەڵمەتەی دژی چێشتخانەکە دروستبوو، خاوەنی چێشتخانەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، بە شێوەیەکی خراپ هەڵسوکەوتی لەگەڵ ئەو دوو منداڵە نەکردووە، وێنەیەکی ئەو دوو منداڵەشی بڵاوکردووەتەوە کە لەناو کارمەندەکانی ناسراون، جارجارەش خواردن بە دوو منداڵەکە دەدەن.