سەردێڕ:

دەزگا ئەمنییەکانی عێراق باس لە چارەنووسی ئەبوبەکر بەغدادی دەکەن

 دوا پێگەی داعش لە سوریا
ئەبو بەکر بەغدادی سەرۆکی ڕێکخراوی داعش لە عێراق و سوریا
فۆتۆ: ئەرشیڤ
2019-02-19

3915 جار خوێندراوەتەوە

دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق جەختیکردەوە، هیچ بەڵگەیەک نییە لەسەر بوونی ئەبوبەکر بەغدادی لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی سوریا و ئەو زانیارییانەش کە لەبەردەستدان، بەڵگەی سەلمێنراویان نییە لەسەر کوشتنی.

ماڵپەڕی ئیندپێندەنتی عەرەبی لە زاری لێپرسراوێکی باڵای دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق، کە نەیویستووە ناوی ئاشکرابکرێت، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەنووسیدا دەربارەی چارەنووسی بەغدادی سەرۆکی ڕێکخراوی داعش ڕایگەیاند، ئەو زانیارییانەی کە لەبەردەستدان سەبارەت بە چارەنووسی بەغدادی جەختناکەنەوە لە برینداربوونی یان کوژرانی.

ئاماژەی بەوەش کرد، تیمێکی تایبەت بە شوێنیەوەن بێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەک هەبێت لەسەر بوونی لە ناوچەی ئۆپراسیۆنەکانی خۆرهەڵاتی سوریا.

ئاماژەی بەوەش کردووە، بەغدادی یەکێک لە ئامانجەکانیانە، بەڵام تاکە ئامانجیان نییە چونکە لە ئێستادا ئامانج لە ئۆپراسیۆنەکان پاکسازیکردنی ناوچەکانە زیاتر لەوەی بەدوای کەسایەتییەکی دیاریکراوەوە بن.

ئەوەش لەکاتێکدایە، هەفتەی ڕابردوو فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان ڕۆژی شەممەی ڕابردوو بڵاویکردەوە، ئەو زانیارییانەی باس لە دیاریکردنی شوێنی بەغدادی دەکەن، وردنین و بەڵگەی تەواوەتی لەبەردەستدا نییە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، چەند میدیایەک لە هەفتەی ڕابردوودا بڵاویانکردەوە، ئەبوبەکر بەغدادی لە ناوچەی هەجین لە ڕۆژهەڵاتی سوریا لە کودەتایەک و هەوڵێکی تیرۆرکردنی ناوخۆیی ڕێکخراوی داعش ڕزگاری بووە، کە لەلایەن ژمارەیەک لە سەرکردە بیانییەکانی ناو داعشەوە پلانی بۆ داڕێژرابوو.

ع.م