سەردێڕ:

​ئەمڕۆ پەرلەمانى کوردستان کۆدەبێتەوە

بۆ دیاریکردنی دەستەى سەرۆکایەتی
فۆتۆ: 
2019-02-18

2561 جار خوێندراوەتەوە

وا بڕیارە ئەمڕۆ ١٨ی شوبات کۆبوونەوەى پەرلەمانی کوردستان لە هەولێر  بکرێت و دەستەى سەرۆکایەتی پەرلەمان دیاریبکرێت.

پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە هەولێر ڕایگەیاند، لە لایەن سەرۆکى کاتی یەکەم دانیشتنى پەرلەمانەوە پەرلەمانتاران  ئاگادارکراونەتەوە  کە ئەمڕۆ کاتژمێر ١١ لە هۆڵی کۆبوونەوەى پەرلەمان ئامادەبن بۆ کۆبوونەوە.

بە پێی  بەرنامەی کاری کۆبوونەوەکەش دەستەى سەرۆکایەتی پەرلەمان دیاریدەکرێت و  دواتر یاسایی سەرۆکایەتی هەرێم کارا دەکرێتەوە.

هاوکات یەکێتى ڕایگەیاندووە، بەشداریکردنی لەو کۆبوونەوەدا پەیوەستە بە  واژۆکردنی ڕێککەوتنى سیاسی لەگەڵ پارتی و ئەگەر ئەو ڕێککەوتنە واژۆ نەکرێت بەشداری ناکات.

بە پێی زانیارییەکانی ئێن ئاڕ تیش یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەمشەو لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە  گفتوگۆیان کردووە و  نزیک بوونەتەوە لە رێککەوتنەوە و یەکێتی هەوڵدەدات چەند کاتژمێرێک کۆبونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمان دوابخرێت.

ئەمە لە کاتێکدایە ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان کە نەیویست ناوی بهێنرێت بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، چاوەڕێی رێککەوتنن لەگەڵ پارتیدا و ئەگەر لەگەڵ پارتیدا بگەن بە رێککەوتنی کۆتایی ئەوا ئامادەن  کاندیدەکانیان بۆ کابینەی نوێی حکومەت و سەرۆکایەتی پەرلەمان یەکلایی بکەنەوە.