سەردێڕ:

دیندار زێباری: راگیراوانی رووداوی شێلادزێ دانیان بەوە ناوە کە ھانی توندوتیژیان داوە

فۆتۆ: 
2019-02-18

2266 جار خوێندراوەتەوە

دیندار زێباری ڕایگەیاندووە، راگیراوانی رووداوی شێلادزێ دانیان بەوە ناوە کە ھانی توندوتیژیان داوە و بە پێی مادەى ١٦٥ی سزادانی عێراق گیراون و ئازادکردنی بە کەفالەت نایانگرێتەوە.

دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا رایگەیاند، "لە خۆپیشاندانەکانی شیلادزێدا چەند کەسێکی گێرەشێوێن کە ئەجندای سیاسییان لە پشت بوو، ھاوڵاتییانیان ھاندا بۆ کاری تێکدەرانە و لە ئەنجامدا خۆپیشاندانەکە توندوتیژیی لێکەوتەوە و زیانی گیانی و ماددیشی ھەبوو کەسێک گیانی لە دەستدا و (١١) دیکەش برینداربوون ھەروەھا (٢) کارمەندی پۆلیسیش بریندار بوون".

دیندار زێباری ئەوەشی وتووە، "بۆ رێگەگرتن لەو توندوتیژییە لەلایەن پۆلیسی شێلادزێ (١٣) کەس بە فەرمانی دادوەر دەستگیر کراون بەپێی ماددەی (١٦٥) لە یاسای سزادانی عێراقی کە ھانی کاری تێکدەرانە و توندوتیژییان دەدا لە ھەمان کاتدا سەر بە چەند لایەنێکی سیاسی دیاریکراون، راگیراوەکان لە کاتی لێکۆڵینەوە دانیان بەوە ناوە کە ھاووڵاتیانیان ھانداوە بۆ توندوتیژی دژی دامودەزگاکانی حکومەت و بنکە سەربازییەکان".

ناوبراو ئەوەشی  خستووەتەڕوو، ئێستا ئەو کەسانە لە بنکەی پۆلیسی شێلادزێ راگیراون و گشت مافەکانیان ھەیە وەک بوونی پارێزەر و سەردانی خزم و کەس و رێکخراوەکان، بەڵام ئازاد نەکردنیان بە کەفالەت بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ماددەی (١٦٥) ماددەیەکی یاسایی (جیناییە) و ھەر کەسێک بەم ماددەیە دەستگیر بکرێت، ناتوانرێت بە کەفالەت ئازاد بکرێت".

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی ھەرێم سەبارەت بە ھەواڵی دەستگیر کردنی چەند چالاکوانێک لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانی دھۆکەوە  وتویەتی  "دوو رۆژ دوای روودواوەکانی شێلادزێ پۆلیسی دھۆک بە فەرمانی دادوەر (٥٦) کەسی دەستگیرکرد دواتر بە کەفالەت ئازاد کران، بەڵام (٥) کەس لەوانە کە (٣)یان لە دەرەوەی شاری دھۆک ھاتبوون بەپێی ماددەی( ١٦٥) راگیراون، چونکە کاریان کردووە بۆ نانەوەی پشێوی و ئاژاوە و ئەنجامدانی کاری توندوتیژی و داڕشتنی پلانی تێکدەرانە دژی ئاسایشی نەتەوەیی، بە بیانووی پشتیوانی کردن لە خۆپیشاندانەکەی شێلادزێ کە لە بنەڕەتدا خۆپیشاندانێکی مەدەنی و ئاشتیخوازانە بوو".

سەبارەت بەو کەسانەی کە لە شاری دھۆک دەستگیرکراون دیندار زێباری  ڕاشیگەیاندووە، "ئەو راگیراوانە دانیان بەوە ناوە ھانی ئەنجامدانی کاری توندوتیژی و نانەوەی ئاژاوەیان داوە لە شاری دھۆک و بۆ ئەم مەبەستە ھەندێکیان لە شارەکانی دیکەوە چووبوونە دھۆک، ھەروەھا بەشێکیان پێشتر بە چەند ماددەیەکی دیکە حوکمدراون واتە پێشینەیان ھەیە و یەکەم جاریان نییە دەستگیر بکرێن".

 ئەمەش لە کاتێکدایە ، بە مەبەستی ئیدانە کردنی بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا و ئەو زەرەر و زیانی گیانی و ماددیانەی بەر  ھاوڵاتیانی ناوچە سنووریەکان دەکەوێت، لە ڕۆژی ٢٦/١/٢٠١٩ خۆپیشاندانێک لە ناحیەی شیلادزێی سەر بە قەزای ئامێدی ئەنجامدرا و دواتر ژمارەیەک چالاکی مەدەنی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی دهۆکەوە دەستگیرکران.

هـ،ڕ