سەردێڕ:

باوکی شەهید ڕێژوان: ئەو هێزانەی دوێنێ پاڵپشتی شەقام بوون ئێستا پێشبڕکێی چوونە دەسەڵاتیانە

ڕووداوەکانی ١٧ی شوباتی ٢٠١١
فۆتۆ: ئێن ئاڕ تی
2019-02-17

9883 جار خوێندراوەتەوە

لە گردی سەیوانی شاری سلێمانی مەراسیمی یادی یەکەم شەهیدی ١٧ی شوبات بەئامەدەبوونی هاوڵاتییان و کەسوکاری شەهیدانی ١٧ی شوبات بەڕێوەچوو و تێیدا باوکی شەهید ڕێژوان ڕایگەیاند، "ئەو هێزانەی دوێنێ پاڵپشتی  شەقام بوون ئێستا پێشبڕکێی چوونە دەسەڵاتیانە".

لە مەراسیمەکەدا باوکی ڕێژوان وتارێکی خوێندەوە و ئاماژەی بەوە کرد، دەسەڵات تاوەکو ئێستا سورە لەسەر داگیرکردنی ئازادییەکانی هاوڵاتییان و بەهەمان ڕەفتاری ١٧ شوباتەوە چالاکوانەکان زیندان دەکات.

ڕاشیگەیاند، بەهەر باوەر و شێوەیەک بڕوابوون بە باشبوون و گۆڕینی ڕەوتی دەسەڵات جگە لە خۆدزینەوە هیچی دیکە نیە، دەسەڵات هەمان ئەو دەسەڵاتەیە کە شەقامە سپییەکانی ١٧ی شوباتی بە خوێنی سوری رۆڵەکانمان سور کرد و ڕۆژگاری سپی ئەم میللەتەی بە دزی و گەندەڵی ڕەش کردووە.

ئاماژەی بەوەش کرد، بەداخەوە ئەو هێزانەی دوێنی پاڵپشت و پەنابوون لە شەقامدا لەگەڵ شەهیداندابوون ئێستا پێشبڕکێیانە بۆ ئەوەی بچنە باوەشی دەسەڵاتێک کە رۆڵەکانی ئەوانی شەهید کردووە و خەریکی دابەشکاری کێکی دەسەڵات و بەدەستهێنانی چەند وەزیرێکن و کەسوکاری شەهیدانی ١٧ شوبات و میللەتیان نائومێد کردووە.

باوکی شەهید رێژوان راشیگەیاند، کەیسی شەهید رێژوان ڕەوانەی دادگای هەولێر کراوە و لەوێ کەیسەکەی داخراوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، ١٧ شوباتی هەموو ساڵێک مەراسیمی یادی شەهیدانی ١٧ شوبات  و رۆژانی دوای دەکرێتەوە.

ئـ. فـ