سەردێڕ:

ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم بۆ ئێران بە فشاری ئەمریکا بووە

لە دوێنێوە هەناردەی نەوتی هەرێم لەڕێگەی تەنکەرەوە بۆ ئێران ڕاگیراوە
فۆتۆ: ئەرشیڤ
2019-02-16

9809 جار خوێندراوەتەوە

بەپێی زانیارییەکانی ئێن ئاڕ تی، ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لە ڕێی تەنکەر بۆ ئێران بە فشاری ئەمریکا بووە بۆ سەر یەکێتی.

بەپێی ئەو زانیارییانەى ئێن ئاڕ تی لە سەرچاوەیەکەوە دەستیکەوتووە، کۆتایی مانگی ڕابردوو شاندێکى ئەمریکی سەردانی بەرپرسانى باڵای یەکێتیی کردووە و پێی ڕاگەیاندوون نابێت چیتر هەرێم نەوت هەناردەى ئێران بکات.

ئەو سەرچاوەیە بە ئێن ئاڕ تیشی وت، داواکەى ئەمریکا جۆرێک بووە لە نیگەرانی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا و بە بەرپرسانی یەکێتییان ڕاگەیاندووە کە چیتر نابێت نەوتی هەرێم لە ڕێی تانکەرەوە ڕەوانەی ئێران بکرێت و ئەمریکا هەمان فشاریشی لە پارتی و حکومەتى عێراقیش کردووە.

دوێنێ بە فەرمانێکى وەزارەتى سامانە سروشتییەکان، هەناردەى نەوتی هەرێم لە ڕێی تانکەرەوە و لە هەر سێ دەروازەى باشماغ و حاجی ئۆمەران و پەروێزخانەوە بۆ ئێران بە فەرمى ڕاگیرا، بەڵام لە نوسراوەکەى وەزارەتى سامانە سروشتییەکاندا هیچ ئاماژەیەکی بە هۆکاری ڕاگرتنەکە و هاوکات وادەى دەستپێکردنەوەى نەداوە.

پێشتر بەشێکى زۆری نەوتی هەرێم بە تەنکەر لە ڕێى دەروازی سنوریی باشماخەوە هەناردەی ئێران دەکرا و بەشێکى کەمیش لە ڕێى هەردوو دەروازەى سنوریی حاجی ئۆمەران و پەروێزخانەوە بووە.

ساڵى ڕابردوو ئیدارەى ئەمریکا بە دوو قۆناغ سزاى ئابوورى بەسەر ئێراندا سەپاند کە یەکێکیان قەدەغەکردنى مەمەڵەکردن بوو لە کەرتى نەوتدا لەگەڵ ئێران.

ع.م