سەردێڕ:

دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی نامەی دەستلەکارکێشانەوەکەی نەجمەدین کەریم بڵاودەکاتەوە

ئەمڕۆ یەکێتی لە ڕیزەکانی خۆی دووریخستەوە
نامەی دەستلەکار کێشانەوەکەی نەجمەدین کەریم
فۆتۆ: ئێن ئاڕ تی
2019-02-16

40310 جار خوێندراوەتەوە

لە نامەیەکدا نەجمەدین کەریم ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کە ئاراستەی جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی یەکێتی کردووە، تیایدا دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە حزبەی پێشکەش بە حزبەکەی کردووە و باسی بەشێک لە هۆکارەکانی کردووە.

بە گوێرەی ئەو نامەیە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ١٥/٧/٢٠١٨، ئاماژەی بە هۆکاری دەستلەکارکێشانەوەکەی کردووە، کە باسی لە  ناکۆکی و باڵباڵێن و چۆنێتی بەڕێوەبردنی یەکێتی کردووە و لەو ڕووەوە نووسیویەتی "هۆیەکان زۆرن لە باڵباڵێنی ناو سەرکردایەتی و چۆنیەتی بەڕێوەبردنی حزب و دژایەتی یەکتر".

لە بەشێکی تری نامەکە باسی شاری کەرکوک و دەوروبەری کردووە و لە بارەیەوە نوسیویەتی " سەرکردایەتی ئەم حزبە لێکۆڵینەوەی نەکردووە لەگەڵ ئەو دەستەیە کە بوونە هۆی لە دەستدانی کەرکوک و شوێنەکانی تری دەرەوەی هەرێم بەرامبەر بە چەند بەڵێنێکی درۆ بۆ بەرژەوەندی چەند کەسانێک"

لە کۆتایدا نەجمەدین کەریم ئاماژەی بەوەکردووە، لە کاتی پێویست هەموو ئەو شتانە بۆ جەماوەر ئاشکرا دەکات.

ئەوەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی بڕیاریدا بە دوورخستنەوەی نەجمەدین کەریم لە ئەندامێتی مەکتەبی سیاسی حزبەکە.

 

ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی کە بەشدار بووە لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی سەرکردایەتی بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ئەمڕۆ سەرکردایەتی یەکێتی بڕیاری کۆتایی لەبارەی دوورخستنەوەی نەجمەدین کەریمەوە داوە و لیژنەیەکیش بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری دوورخستنەوەکە پێکدەهێنرێت.

ع.م