سەردێڕ:

ئاژانسێکی هەواڵ باس لە گەمارۆدانی ئەبوبەکر بەغدادی دەکات

ئەبوبەکر بەغدادی سەرۆکی ڕێکخراوی داعش
فۆتۆ: 
2019-02-16

8204 جار خوێندراوەتەوە

ئاژانسی هەواڵی بەترای ئوردنی ئەمڕۆ شەممە (١٦ی شوباتی ٢٠١٩) بڵاویکردەوە، پێدەچێت ئەبوبەکر بەغدادی سەرۆکی ڕێکخراوی داعش لەگەڵ پێنج لە وەزیرەکانی لە ناوچەیەکی بچووکی سنوری نێوان عێراق و سوریا گەمارۆدرابێت.

ئاژانسەکە لە زاری سەرچاوەیەکی ئەمنیی عێراقەوە بڵاویکردەوە، هێزی ئەمریکی گەمارۆی چەکدارانی داعشیان داوە لە دوا پێگەی خۆیان لە ناوخۆی سوریا و، بە دیاریکراوییش لە ناوچەیەکی بچووکی پارێزگای دێرەزوور.

ئاژانسەکە ئاشکرایکردووە، ناوچەکە تەنها لە حەوت کیلۆمەتر تێپەڕناکات و نزیکە لە سنوری نێوان عێراق و سوریاوە.

ئاماژەی بەوەش کردووە، هێزێکی عێراقی چاودێریی ئۆپراسیۆنەکە دەکات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر پێشهاتێک کە بێتە ئاراوە، بۆئەوەی ڕێگری بکرێت لە دزەکردنی چەکدارە پەڕاگەندەکانی داعش بۆ ناوخۆیی عێراق.

لەلایەکی ترەوە یەحیا ڕەسوڵ وتەبێژی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "ئەگەر شوێنی خۆحەشاردانی بەغدادی پێبزانین دەستبەجێ دەیکەینە ئامانج و لەناویدەبەین."

ع.م