سەردێڕ:

یەکێتی نەجمەدین کەریمی لە ریزەکانی دوورخستەوە

لە کۆبوونەوەی سەرکردایەتیدا
نەجمەدین کەریم
فۆتۆ: ئەرشیف
2019-02-16

16545 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی بڕیاریدا بە دوورخستنەوەی نەجمەدین کەریم لە ئەندامێتی مەکتەبی سیاسی حزبەکە.

ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی کە بەشدار بووە لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی سەرکردایەتی بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ئەمڕۆ سەرکردایەتی یەکێتی بڕیاری کۆتایی لەبارەی دوورخستنەوەی نەجمەدین کەریمەوە داوە و لیژنەیەکیش بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری دوورخستنەوەکە پێکدەهێنرێت.

لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ شەممە (١٦ی شوباتی ٢٠١٩)ی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی کە تایبەت بوو بە بڕیاردان لەسەر رێکەوتنی سیاسیی لەگەڵ پارتیدا، زۆربەی ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی و سەرکردایەتی کۆک بوون لەسەر دوورخستنەوەی نەجمەدین کەریم لە مەکتەبی سیاسیی و حزبەکە.

لە بەرامبەریشدا نەجمەدین کەریم لە ڕوونکردنەوەیەکدا ڕایگەیاندووە، کۆمیتەى سەرکردایەتى بە ھیچ جۆرێک دەسەڵاتی لادان و دانان و دەرکردنی ئەندامانی سەرکردایەتییان نیە و بە کۆی ٣/٢ دەنگی ئەندامەکانی دەسەڵاتی ھەڵسپاردن یاخود سرکردنیان ھەیە.

ئاماژەى بەوەشکردووە، "ئەم ڕفتارانە ھیچ لە ئێمە ناگۆرێت، بەڵکو زیاتر بەردەواممان دەکات لەکارەکانمان بۆ بەرژەوندی شاری کەرکوک و سەرجەم ناوچە دابڕاوەکان."

 پاش رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر نەجمەدین کەریم پارێزگاری پێشوی کەرکوک رووی لە شاری هەولێر کردوو و لەو کاتەوە بەشداری هیچ کۆبوونەوەیەکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی نەکردووە.

ع.ا