سەردێڕ:

لە نەخۆشخانەیەکی هەولێر چەک بە ڕووی پزیشکان و کارمەنداندا بەرزکراوەتەوە

نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ڕۆژئاوای هەولێر
فۆتۆ: ئێن ئاڕ تی
2019-02-16

13502 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەرایەتیی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ڕۆژئاوای هەولێر ڕایگەیاند، هاوەڵی نەخۆشێک بەبێ هیچ بیانوویەکی چەکی بەڕووی ژمارەیەک پزیشک و کارمەندی ئێشکگری نەخۆشخانەکەدا بەرزکردووەتەوە.

لە ڕاگەیەندراوێکدا بەڕێوەبەرایەتیی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ڕۆژئاوای هەولێر، ئەمڕۆ شەممە (١٦ی شوباتی ٢٠١٩) لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، "کاتژمێر١١:٢٠ی شەو نەخۆشێک دوو هاوەڵی لەگەڵبوو، یەکێک لە هاوەڵەکانی بەبێ هیچ بیانوویەک چەکی دەمانچەی دەرهێنا بەڕووی ژمارەیەک لە پزیشک و کارمەندانی ئێشکگری پێشوازی و، هەڕەشەی کوشتنی لێ دەکردن، هەرچەندە دەستبەجێ پێشوازی لە نەخۆشەکە کراوە و پشکنینی پزیشکی و چارەسەری پێویستی بۆ کراوە."

داواشی لە لایەنی پەیوەندیدار و دەزگا ئەمنییەکان کردووە، ڕێکاری یاسایی بگرنەبەر بۆئەوەی ئەو جۆرە تاوانانە دووبارە نەبنەوە.

لە بەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەدا بەڕێوەبەرایەتیی نەخۆشخانەکە داوای لە هاوڵاتییان کردووە، ڕێز لە نەخۆشخانە و پزیشک و کارمەندەکانیان بگرن و ڕێبگرن لەو جۆرە هەڵسوکەوتانە و، بەرژەوەندی و مافی پزیشکان و نەخۆشەکان لەبەرچاوبگرن، کە شەو و ڕۆژ بۆ بەرژەوەندیی گشتی کاردەکەن.

ئەوە یەکەمجار نییە لەکاتی سەردانیکردنی بەشێک لە نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان ڕووداوی لەو جۆرە دووبارە دەبێتەوە، چونکە پێشتریش لە چەند ناوچەیەکی دیکەی هەرێم بەهۆی هێرش و هەڵسوکەوتی هەندێک لە هاوەڵی نەخۆشەکانەوە، پزیشک و کارمەندانی نەخۆشخانەکان مانیان لە کارکردن گرتووە و، داوای پاراستنی مافەکانیانیان کردووە.

ع.م