سەردێڕ:

پارتی و یەکێتى گۆڕان و کۆمەڵ وەک کارتی فشار بەرامبەر یەکتر بەکاردەهێنن

فۆتۆ: ئێن ئاڕ تى
2019-02-15

2688 جار خوێندراوەتەوە

دانوستانە حیزبییەكانی ئێستای لایەنەکان لە هەرێم لەژێر ناوی پێكهێنانی كابینەی نوێی حکومەتدا بەڕێوەدەچن، كەچی دوو حیزبی باڵادەست كۆنتڕۆڵی ڕێگاكانی گەشتن بەم حكومەتەیان كردووە.

ئەو هێزانەشی خوازیاری بەشدارین لەم كابینەیە و شەریكایەتی پارتی و یەكێتییان قبوڵە، كە تا ئێستا گۆڕان و كۆمەڵ دیارترینیانن، هەریەك لە ڕێگەی یەكێك لەو دوو جەمسەرەوە دەیانەوێت بچنە ناو ئەنجومەنی وەزیران، ئەمەش زیاتر مۆركی برا گەورەیی و دەمڕاستیی بەسەریدا زاڵە تا شەراكەوت و بەركەوتەی هەڵبژاردنەكان.

شاندی باڵای گۆڕان، كە دراوسێ و هاوپەیمانی پێشووی یەكێتین، بۆ بەشداریی حكومەت كەناڵی پەیوەندییان لەگەڵ پارتیدا كردووەتەوە، كە لە ئێستادا خۆی كردووە بە خاوەن ماڵ و ئەو دیاریدەكات مەرجەكانی بەشداریی چین.

بەپێی ڕاگەیەندراوەكانی بەپرسانی پارتی لەگەڵ گۆڕان لە قۆناغى کۆتایی ڕێككەوتن و تەنانەت ڕاگەیاندنیشیاندان، كەچی قسەكەرەكانی ئەم بزوتنەوەیە دەڵێن هێشتا بڕیاری یەكلاییمان نەداوە بۆ بەشداری، ئەمە لەكاتێكدا ناوی كاندیدانی ئەو پۆستانەشی بۆیان دانراوە لە ژوور و بازنە سیاسییەكانەوە دزەیكردووە بۆ میدیا و بنكە جەماوەرییەكان، هەندێ لە ئەندامانی ئەو شاندەی گۆڕانیش كە چوونە پیرمام، نەیان شاردەوە كە لە دابەشكردنی پۆستەكاندا هەنگاوی زۆریان بڕیوە.

بەرامبەر جەمسەری پارتی، گۆڕان لە هەولێر، یەكێتی لە سلێمانی لە هەوڵی پەلكێشی كۆمەڵی ئیسلامیدایە بەرەو بەرەی خۆی، خاڵی هاوبەشی هەردوولاش باشكردنی زەمینەی بەشداریكردنیانە لە حكومەت و بەهێزكردنی كارتەكانیانە لە پاش ئەوەی پارتی هەندێ مەرجی بۆ ئەو مەبەستە دانا و، پەیوەندیكردنیشی بە كۆمەڵ دواخست بۆ كاتێكی درەنگ.

بەپێی لێدوانی بەرپرسانی كۆمەڵ، نزیكبوونەوەیان لە یەكێتی لەسەر پێشنیاری ئەوانە و مەبەست لێی باشكردنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەكانە، تا ئاستی ئیمزاكردنی ڕێككەوتن، لەكاتێكدا پێشتر كۆمەڵی ئیسلامی لەگەڵ گۆڕاندا هاوتەریب بوو.

جیاواز لەم دوو بەرەیە، هەندێک هێزی تر، کە نزیکبوون لە پارتی لە ڕابردوو، وەك یەكگرتوو و شیوعی، لە ئێستادا خۆیان وەك ئۆپۆزسیۆن نمایشدەكەن. ئەم هێزانە دەستەواژەیەکی تازەیان هێناوەتە ناو کایە سیاسییەکە کە ئەویش "ئۆپۆزسیۆنی ئیجابی''یە.

جگە لەوەش، یەكگرتوو لە حكومەتی خۆجێی دهۆك لەگەڵ پارتیدا شەریكە و دەیان پۆستی دیاری شارەکەیان بە دەستەوەیە کە کاتی خۆی لە بەرامبەر هەڵوێستیان لە یاسای سەرۆکایەتیی وەریانگرت و، لە سلێمانیش یەکگرتوو بەشدارە لە دەسەلاتی خۆجێی لەگەڵ یەکێتی و چەندین پۆستی حکومەتی پێدراوە، ئەم حاڵەتەش بۆ زۆرێك لە حزبەكانی تری چەشنی سۆسیالیست و شیوعی هەمان شتە.

ئەوەی تا ئێستا هەموو چەشنە بەشدارییەكی سیاسیی لەگەڵ پارتی و یەكێتی ڕەتدەكاتەوە و ئامادە نییە هیچ دانیشتن و گفتوگۆیەک لەگەڵ دوو پارتی دەسەڵاتدار بکات و بەشێک نییە لەم جەمسەرگیریی و گفتوگۆی وەرگرتنی پۆست و وەزارەت، نەوەی نوێیە کە وەک هێزێکی ئۆپۆزسیۆنی ڕاستەقینە، هەم لە گوتار و هەم لە واقیع و مامەڵە خۆی دەردەخات.

بەپێی ڕاگەیەندراوەكانی ئەم جوڵانەوە نوێیەی، كە یەكەمجارە بەشداریی پەرلەمان دەكات، بەهۆی بڕوانەبوون بە چاكسازیینەکردن لەسایەی سیستمێكی گەندەڵ و داتەپیوی دەستنێژی پارتی و یەكێتیدا، هەموو جۆرە بەشدارییەكی سیاسی لەگەڵ ئەم دوو حیزبە، لەپێش هەموویانەوە كابینەی وەزارییەکە، ڕەتدەكاتەوە؛ هەر لەبەر ئەم هۆكارەش لە هیچیەك لەو دانوستانانەدا بەشدارنییە كە ئێستا بۆ ئەو مەبەستە بەڕێوەدەچێت.

ئـ. فـ