سەردێڕ:

ڕێکخراوی سوپای عەدل بەرپرسیاریەتی خۆی لە هێرشەکەی ئێران ڕاگەیاند

بەشێک لە چەکدارانی سوپای عەدل
فۆتۆ: ئەرشیڤ
2019-02-15

24827 جار خوێندراوەتەوە

ڕێکخراوی سوپای عەدل لە بەیاننامەیەکدا بەرپرسیاریەتی خۆی لە هێرشی تەقاندنەوەی پاسێکی ئەفسەرانی سوپای پاسدارانی ئێران ڕاگەیاند کە بووە هۆی کوژرانی ٢٧ سەرباز.

ڕێکخراوی سوپای عەدل ئەمڕۆ پێنج شەممە (١٥ی شوباتی ٢٠١٩)، لە بەیانامەیەکدا ڕایگەیاند، "بە بەرنامەیەکی پلان بۆ داڕێژراو و دیاری کردنی شوێنی گونجاو بە ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو توانیمان ئەو هێرشە بە سەرکەوتویی جێبەجێ بکەین."

ئاماژەیان بەوەشکردوە، بۆ جێبەجێ کردنی ئەم بەرنامەیە شەش مانگ پێش ئێستا بەرنامەڕێژی بۆ کراوە و ئەوان ئاگاداری ئەوە بوون کە ٤٠ ڕۆژ جارێک بەشێک لە سەربازانی سوپا ئاڵوگۆڕیان پێ دەکرێت، هەروەها هەندێک کێشەی دیکە هێرشکردنەکەی دواخست.

رونیشیان کردوەتەوە، لە پاسەکەدا ٤٠ کەس لە ئەفسەرەکانی سوپای پاسدارانی تێدا بووە کە ٢٧ کەسیان بەو تەقینەوەیە کوژراون.

رۆژی چوارشەممەی ڕابردوو (١٣ی شوباتی ٢٠١٩)، لە نزیک ڕێگای خاش – زاهیدان، لە هەرێمی سیستان و بلوجستانی باشوری خۆرهەڵاتی ئەو وڵاتە، تەقینەوەیەکی خۆکوژی لە کاتی تیپەڕبوونی  پاسێکی نەفەرهەڵگری سەر بە سوپای پاسداراندا ڕوویداوە و بەهۆیەوە ٢٧ کەس کوژران و ١٧ کەسی دیکەش برینداربوون.

د.ن