سەردێڕ:

کۆمەڵ: بەشداری لەکۆبونەوەى ١٨ى مانگى پەرلەمانى کوردستان دەکەین

پارتی و کۆمەڵ کۆبوونەوە
فۆتۆ: 
2019-02-12

1408 جار خوێندراوەتەوە

پارتى و کۆمەڵى ئیسلامى لە هەولێر کۆبوونەوە و وتەبێژى کۆمەڵ ڕایگەیاند، فراکسیۆنەکەیان بەشداری لەکۆبونەوەى ١٨ى مانگى پەرلەمانى کوردستان دەکەن

ڕێبوار محەمەد وتەبێژى کۆمەڵى ئیسلامى لە کۆنفرانسێکى ڕۆژنامەنوسیدا ئاماژەى بۆ ئەوە کرد، کۆبونەوەکەیان لەگەڵ پارتیدا باشبووە و دەخوازن ببێتە دەسپێکێک بۆئەوەی پەیوەندییەکی باشیان لەگەڵ پارتیدا هەبێت

باسی لەوەشکرد، پرسی ئۆپۆزسیۆن بون لە بەردەمیاندا کراوەیە و ویستویانە دوای بەرچاوڕونی بڕیاربدەن بەشداری لە حکومەتدا بکەن یان ببن بە ئۆپۆزسیۆن.

هاوکات مەحمود محەمەد وتەبێژى پارتى لە کۆنفرانسەکەدا ڕایگەیاند، ڕێککەوتنەکەیان لەگەڵ یەکێتى گەیشتووەتە قۆناغى کۆتایی و چاوەڕوانى کۆبوونەوەى پەرلەمان دەکەن لە ١٨ى ئەم مانگە و تا ئێستا یەکێتییش بڕیارى داوە بەشدارى ئەو کۆبوونەوەیە بکات.

ئاماژەى بۆ ئەوەش کرد، پەیوەندیەکانیان لەگەڵ گۆڕان، بەرەوپێشچونی باشى بەخۆوە بینییوە و لێکەتێگەیشتنى هاوبەش لەنێوان پارتی و گۆڕان هەیە.

ئەمەش لە دواى ئەوە هات ئەمڕۆ ١٢ی شوبات لەسەر پرسی پێکهێنانى کابینەى نوێی حکومەت شاندێکى پارتى لەگەڵ سۆسیالیست و کۆمەڵیش کۆبوونەوە .

هەفتەى رابردوو بۆ هەمان مەبەست شاندێکى باڵاى پارتى لەگەڵ ئەمیرى کۆمەڵى ئیسلامى کۆبونەوە، بەڵام بەرپرسانى کۆمەڵ دەڵێن تا ئێستا بڕیاریان نەداوە بەشدارى کابینەى نوێ دەکەن یان نا.

ئەمەش لە کاتێکدایە ئەمڕۆ ١٣٥ رۆژ بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا تێدەپەڕێت و تاوەکو ئێستا کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکنەهێنراوە.

هـ،ڕ