سەردێڕ:

وەزیری بەرگری ئەمریکا گەیشتە بەغدا

لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی کۆدەبێتەوە
پاتریک شاناهان وەزیری بەرگری ئەمریکا بە وەکالەت
فۆتۆ: میدیاکان
2019-02-12

2655 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری بەرگری ئەمریکا بەوەکالەت بەمەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و بەرپرسانی سوپای وڵاتەکەی لە عێراق، گەیشتە بەغدا.

ئەمڕۆ سێشەممە پاتریک شاناهان وەزیری بەرگری ئەمریکا بە وەکالەت بە سەردانێکی ڕانەگەینراو گەیشتە بەغدا و ڕایگەیاند، مەبەست لە سەردانەکەی جەختکردنەوەیە لە گرنگی سەروەری خاکی عێراق و گفتوگۆکردن سەبارەت بە  داهاتووی سوپای ئەمریکا لە عێراق.

بەپێی زانیارییەکان، لە یەکەم سەردانی پاتریک شاناهان، وەزیری بەرگری ئەمریکا بەوەکالەت بۆ عێراق، پرسی کشانەوەی هێزەکانی سوپای ئەمریکا لە سوریا لەگەڵ سەرکردەکانی سوپای وڵاتەکەی تاوتوێ دەکات.

لەلایەکی دیکەوە، بڕیارە چاوی بە بەرپرسانی عێراقی بکەوێت و لە ناویانیشدا عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق.

ئەم سەردانەی وەزیری بەرگری ئەمریکا بەوەکالەت لە کاتێکدایە مانگی ڕابردوو دۆناڵد تڕەمپ سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، بۆ چاودێریکردنی ئێران هێزەکانی سوپای وڵاتەکەی لە عێراق دەمێنێتەوە.

ئـ. فـ