سەردێڕ:

مونا قه‌هوه‌چی: پۆستی جێگری دووه‌می سه‌رۆكی په‌رله‌مان بۆ توركمان یه‌كلایی بووه‌ته‌وه‌

مونا قه‌هوه‌چی سه‌رۆكی فراكسیۆنی چاكسازیی توركمانی
فۆتۆ: ئەرشیف
2019-02-12

1488 جار خوێندراوەتەوە

سه‌رۆكی فراكسیۆنی چاكسازیی توركمانی رایگەیاند،  پۆستی جێگری دووه‌می سه‌رۆكی په‌رله‌مانی کوردستان بۆ توركمان یه‌كلایی بووه‌ته‌وه‌.

مونا قه‌هوه‌چی سه‌رۆكی فراكسیۆنی چاكسازیی توركمانی لە پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، ئێمه‌ ئاماده‌یی خۆمان نیشانداوە بۆ ئه‌وه‌ی به‌شداریی له‌ كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێمدا بكه‌ین، پێداگیربن له‌سه‌ر ئەوەی لە ١٨ی ئه‌م مانگه‌دا کۆبوونەوەی پەرلەمان بكرێت.

سه‌باره‌ت به‌ دابه‌شكردنی پۆسته‌كانی دەستەی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان، ڕایگەیاند "پۆسته‌كان دیاره‌، پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مان بۆ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و جێگری یه‌كه‌می سه‌رۆكی په‌رله‌مان بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان و جێگری دووه‌می سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان داوامانكردبوو بۆ پێكهاته‌كان بێت و ئێستا یه‌كلایی بووه‌ته‌وه‌ كه‌ ئه‌م پۆسته‌یان بۆ پێكهاته‌ی توركمان ده‌بێت".

ڕوونیشیکردەوە "ده‌كرێت كه‌ چه‌ند كه‌سێك له‌ پێكهاته‌ی توركمانی خۆیان بۆ پۆستی جێگری دووه‌می سه‌رۆكی په‌رله‌مان هه‌ڵبژێرن و ئه‌و پۆسته‌ له‌نێو په‌رله‌مانی كوردستان یه‌كلایی ده‌كرێته‌وه‌ له‌ رێگه‌ی ده‌نگی په‌رله‌مانتاران".

ڕاشیگەیاند، "ئێمه‌ پڕۆژه‌یه‌كمان ئاماده‌كردووه‌ كه‌ خۆی له‌ چه‌ندین پۆست ده‌بینێته‌وه‌ له‌وانه‌ پۆستی سیادی، پۆستی خزمه‌تگوزاری و چه‌ندین بریكار و راوێژكار و به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی به‌تایبەت له‌و پۆستانه‌ی كه‌ خزمه‌تگوزاریین و داواشمانكردووه‌ كه‌ به‌پێی ئیستیحقاقی نه‌ته‌وه‌یی مامه‌ڵه‌مان له‌گه‌ڵدا بكرێت".

لە هه‌ڵبژاردنی خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستان کە له‌ ٣٠ی ئه‌یلوولی رابردوودا کرا، به‌پێی سیسته‌می كۆتا پێکهاتەی تورکمان ٥ کورسی پەرلەمانی بەدەستهێنا.

ئـ. فـ