سەردێڕ:

سوپای پاسداران: ئەگەر ئەمریکا هێرش بکاتە سەرمان تەلەئەبیب لەسەر زەوی دەسڕینەوە

فۆتۆ: 
2019-02-12

19337 جار خوێندراوەتەوە

فەرماندەیەکی باڵای سوپای پاسدارانی ئێران هەڕەشەی سڕینەوەی پایتەختی ئیسرائیل دەکات لەسەر زەوی ئەگەر بێتو ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هێرش بکاتە سەر وڵاتەکەی.

ئاژانسی هەواڵی ئێرنا لە زاری یەدوڵا جوانی یاریدەدەری فەرماندەی سوپای پاسداران بۆ کاروباری سیاسی، ئەمڕۆ دووشەممە (١١ی شووباتی ٢٠١٩) ڕایگەیاند، "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سەرباری ئەو توانا بەرگری و سەربازییەی کە هەیەتی، ئەو ئازایەتییەی نییە یەک فیشەکمان پێوە بنێت، بەڵام ئەگەر هێرشمان بکاتە سەر ئەوا تەلئەبیب لەسەر زەوی دەسڕینەوە."

لەلایەکی ترەوە ژەنەڕاڵ حسێن سەلامی جێگری فەرماندەی سوپای پاسداران ڕایگەیاند، تاران هێزەکانی خۆی لە ناوچەکە ناکشێنێتەوە و هەموو ئەو داوایانەی ئەمریکا ڕەتدەکاتەوە، کە دەیەوێت هەژموونی هەرێمایەتی ئێران سنووردار بکات.

سەلامی ئاماژەی بەوەش کرد، دوژمن بە هیچ شێوەیەک ناتوانێت داوای جێهێشتنیان لێ بکات لە ناوچەکە، دەبێت ئەوان ناوچەکە جێبهێڵن، ئێمە هاوکاریی هەر موسڵمانێک دەکەین لە هەر ناوچەیەکی جیهاندا بێت.

ئەو هەڕەشانەی سوپای پاسداران لە دژی ئیسرائیل لەکاتێکدایە، دوێنێ ١٠ی شووباتی ٢٠١٩، بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل پەیامێکی بە زمانی فارسی ئاڕاستەی ئێران کرد و ڕایگەیاند، بەردەوام دەبن لە شکستپێهێنانی خۆقایمکردنی ئێران لە ناوخۆی سوریا.

بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە تویتیکدا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر، کە بە زمانی فارسی بڵاویکردووەتەوە ڕایگەیاندووە، لە کۆنگرەکەدا گفتوگۆ دەکات دەربارەی ڕێگاکانی شکستپێهێنانی خۆقایمکردن و مانەوەی ئێران لە ناوخۆی سوریا و بەرپەرچدانەوەی دەستدرێژییەکانی ئێران و ڕێگریکردن لەوەی بتوانێت چەکی ئەتۆمی بەدەستبهێنێت.

ع.م