سەردێڕ:

بەرەی تورکمانی داوای پۆستێکی سیادی هەرێم دەکات

فۆتۆ: 
2019-02-11

1927 جار خوێندراوەتەوە

ئایدن مەعروف بەرپرسى بەرەى تورکمانی رایگەیاند، وەک بەرەى تورکمانى بڕیاریان داوە بەشدارى پڕۆسەى سیاسى هەرێم و کابینەى نوێ بکەن و داوایانکردووە یەکێک لە جێگرەکانى سێ سەرۆکایەتییەکەى هەرێمیان پێبدرێت.

ئەمڕۆ دووشەممە (١١ی شوباتی ٢٠١٩) شاندێکی پارتی سەردانى لایەنە مەسیحی و تورکمانییەکانیان کرد و بەشداریکردنى ئەو لایەنانەیان لە حکومەتى داهاتووى هەرێم و دانیشتنى پەرلەمانى کوردستان تاوتوێکرد.

عەلى حسێن ئەندامى شاندى دانوستانکارى پارتى ڕایگەیاند، لیکتێگەیشتنى هاوبەشیان هەبووە لەگەڵ مەسیحییەکان و پییانوایە مافى خۆیانە بەپێى ئیستحقاقى هەڵبژاردن و نەتەوایەتی ڕاوێژیان پێبکرێت.

وتیشی، لەداهاتوودا لێکتێگەیشتنى زیاتر و باشتریان لەو بارەیەوە دەبێت.

هاوکات ڕۆمیۆ هەکارى سکرتێرى حزبی بەیتولنەهرەینى مەسیحییەکان ڕایگەیاند، مەبەستییانە بەشدارییەکى جیاواز و کارایان پێبکرێت لەم کابینە نوێیەدا جیاواز لە هەموو کابینەکانى تر، نوێنەریان لەسەرجەم دام و دەزگاکانى هەرێم هەبێت.

گفتوگۆکانی نێوان یەکێتی و پارتی و ئەو حزبانەی دەیانەوێت بەشداری کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم بکەن بەردەوامە و یەکێتی و پارتیش بڕیاریاندا ١٨ی مانگ کۆبوونەوەی پەرلەمان بکرێت و یاسای سەرۆکاتی هەرێم هەموار بکرێتەوە.

ع.ا